Hawkar Yaseen
24 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2021
هەولێر- AA
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی رایگەیاند هێشتا دەستپێشخەرییەکی پارتی بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکان و دروستکردنی یەکدەنگی بەردەوامە و تەواو نەبووە.
فازڵ میرانی لە رێوڕەسمێکدا لە ساڵیادی دامەزراندی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی "لە سیاسەتدا نابێت دەرگا دابخەین لەسەر یەکتر، ئەم حزبانە پێکەوە جوانترن پێکەوە بەهێزترن رابردووش ئەوەی سەلماندووە کە لەیەکتر دادەبڕێین دوژمن زەفەرمان پێدەبات".
دەربارەی وەڵامی حزبە کوردستانییەکان بۆ دەستپێشخەرییەکی ماوەی رابردوویان، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی رایگەیاند "جارێ لە هەوڵەکانمان تەواو نەبووین هەر خەریکی ئەوەین نێوماڵمان رێکبخەین و برادەران هێشتا هەر خەریکن".
دەربارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئاستی باڵادا،
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند "لەگەڵ یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا و ئاستی خوارتریش هەردەبێت کۆبینەوە، خۆ لەم وڵاتە دەرناچین هەر دەبێت یەکتر ببینینەوە قابیلە بە مۆبایل لەگەڵ یەکتر قسە بکەین".
هەرچەندە بڕیاربوو لە ساڵی ٢٠٢٠دا کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان ببەسترێت بەڵام چەند جارێک دواخرا،سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی دەربارەی وادەی بڕیارلێدراو بۆ بەستنی کۆنگرەی حزبەکەی، رایگەیاند "٢٦ی ئایار کۆنگرە دەبەستین ئینشائەڵڵا چونکە بەبێ ئینشائەڵڵا هیچ شتێک ناکرێت".