Heman Hussein Yaseen
29 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی دادی ھەرێمی کوردستان بە ھاوکاری ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID)، وۆرکشۆپێک ئەنجام دەدات سەبارەت بە دووبارە داڕشتنەوەی رێککارەکانی دادنووسی لە ھەرێمی کوردستان و دوو رۆژ دەخایەنێت، وۆرکشۆپەکە بەشێکە لە پڕۆژەی حوکمڕانی کارامە لە عێڕاق و ھەرێم.
لە وۆرکشۆپەکەدا سەرجەم ئەو دادنووسانە بەشدارن لە بەشێوەیەکی پراکتیکی لەناو کاروباری خەڵکدان و لە میانی بەڕێوەچوونی ئەو وۆرکشۆپەدا، تیشک دەخەنە سەر کەموکوڕییەکان و پێشنیازەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەکانی داد لە وەزارەتی دادی ھەرێمی کوردستان، ئازاد رۆستەم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە مەبەستی دووبارە داڕشتنەوە و چاوخشاندن بە رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لە فەرمانگەکانی دادنووسی لە ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بەھاوکاری ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی وۆرکشۆپێک بۆ دادنووسان بەڕێوەدەچێت و ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت".
ئازاد رۆستەم گوتیشی: "ھەموو رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان لە فەرمانگەکانی حکوومەت و بەتایبەت فەرمانگە یاساییەکان پێویستە ماوە ماوە چاوخشاندنەوەی پێدا بکرێت، بزانین لە کوێ کەموکوڕی ھەیە کە دەبێتە ھۆکارێک بۆ ئەو ھاووڵاتییانەی سەردانی فەرمانگەکان دەکەن و چارەسەری بکەین، ھاوکات پێشووتریش لە سلێمانی، ھەڵەبجە و دھۆک وۆرکشۆپی ھاوشێوەمان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی بزانین لە ھەر شوێنێک کێشەیەک ھەیە و چارەسەریان بکەین".
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەکانی داد لە وەزارەتی دادی ھەرێمی کوردستان، ئازاد رۆستەم لەبارەی کێشە و گرفتەکانی بەردەم فەرمانگەکانی داد و مامەڵەی ھاووڵاتییان، گوتی: "لە ھەموو رێکارێک کێشە و گرفت دەبێت، چونکە ئێمە لەماوەی سەد ساڵی رابردووی دەوڵەتی عێراقدا شتی تەقلید و دەستنووس و رۆتینمان ھەیە، ھەر بۆیەش بۆ کەمکردنەوەی رۆتین، زۆری پەنجەرەکانمان لە فەرمانگەکانی داد کەمکردووەتەوە بەجۆرێک راییکردنی مامەڵەی ھاووڵاتییان لە حەوت پەنجەرەوە، کراوەتە یەک پەنجەرە، دەکرێت زیاتر گرنگی بە بابەتە بدرێت و کاری بۆ بکرێت".
بەگوتەی ئازاد رۆستەم لە کۆی ٦٤ فەرمانگەی دادنووسی لە ھەرێمی کوردستان، زیاتر لە ٢٢ فەرمانگەیان کردووەتە ئۆنڵاین و ھاووڵاتییان لە رێگای ئۆنڵاینەوە مامەڵەکانیان رایی دەکەن و لەمبارەیەوە گوتی: "لە ھەرێمی کوردستان ٦٤ فەرمانگەی دادنووسی ھەیە و لەو ژمارەیەش بەشێکیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمن و زیاتر لە ٢٢ فەرمانگەشمان کردووەتە سیستەمی ئەلیکترۆنی".