Emre Gürkan Abay
16 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2023
مۆسکۆ - AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، ئەلێکساندر نۆڤاک ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵی رابردوو بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی وڵاتەکەی زیادی کردووە و رایگەیاند: ''ئەو داهاتانەی بوودجە کە لە کەرتەکانی نەوت و غازی سروشتیی دەست دەکەون لە ساڵی ٢٠٢٢دا سەدا ٢٨ زیادیان کردووە و گەیشتووەتە ٢،٥ تریلیۆن روبل''.
ئەلێکساندر نۆڤاک لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە مۆسکۆی پایتەختی وڵاتەکەی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەت ئەنجامی دا، باسی لە ئامارەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەی کەرتی وزەی رووسیا کرد لە ساڵی ٢٠٢٢دا.
جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا باسی لەوە کرد سەرەڕای سزاکانی وڵاتانی ''نادۆست''، بەڵام کەرتی نەوتی رووسیا ساڵی ٢٠٢٢ی بە سەرکەوتوویی تێپەڕاند و گوتی: ''ساڵی رابردوو ٥٣٥ ملیۆن تۆن نەوت بەرهەمهێنراوە، ئەوەیش بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ کە ١٠ ملیۆن تۆن، واتا سەدا دوو زیادی کردووە''.
ئەلێکساندر نۆڤاک ئەوەشی خستەڕوو کە هەناردەی نەوت لە ساڵی رابردوودا بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ سەدا حەوت زیادی کردووە و گوتی: ''ئەو داهاتانەی بوودجە کە لە کەرتەکانی نەوت و غازی سروشتیی دەست دەکەون لە ساڵی ٢٠٢٢دا سەدا ٢٨ زیادیان کردووە و گەیشتووەتە ٢،٥ تریلیۆن روبل (نزیکەی ٣٧ ملیار دۆلار)''.
جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، ئەلێکساندر نۆڤاک باسی لەوەیش کرد کە ناردنی غازی سروشتیی لە رێگەی هێڵی بۆری گواستنەوەی هێزی سیبیریا بۆ چین زیادی کردووە و رایگەیاند: ''گواستنەوەی غازی سروشتیی لە رێگەی هێزی سیبیریا گەیشتووەتە ١٥،٥ ملیار مەترسێجا و ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە''.
ئەلێکساندر نۆڤاک هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی سزاکان و ئەو رووداوانەی بەسەر تەوژمی باکوور یەک و تەوژمی باکوور دوودا هاتوون، هەناردەی غازی رووسیا لە رێگەی ئەو هێلانەوە دابەزیوە و گوتی: ''هەناردەمان بۆ غازی شل سەدا هەشت زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٤٦ ملیار مەترسێجا''.