Zana Natık Kerem
26 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2023
ھەولێر – AA
ئەمڕۆ دووشەممە، یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی لە رۆژنامەی فەرمی وەقائیع لە ژمارە چوار ھەزار و ٧٢٦ی رۆژنامەکە بڵاوکرایەوە.
لە رۆژنامەکەدا، یاسای بوودجەی گشتیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ لە رۆژنامەی فەرمی وەقائیع، بڵاوکراوەتەوە.
دوێنێ گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، کامیل ئەمین لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندبوو کە سبەی دووشەممە، یاسای بوودجەی گشتیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ لە رۆژنامەی فەرمی وەقائیع، بڵاودەکرێتەوە.
کامیل ئەمین ئاماژەی بەوەیشداوە کە یاسای بوودجەی گشتیی لە یەکی مانگی تەمووزی ٢٠٢٣وە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی ١١ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، یاسای بوودجەی گشتیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ی پەسەند کرد.
ھاوکات رۆژی ٢١ی ئەم مانگە، سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف رەشید یاسای بوودجەی گشتیی پەسەندکرد.
لە سەرەتای مانگی داھاتووە، دوای ئەوەی یاسای بوودجەی گشتیی بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، خەرجییەکانی نێو یاساکە بە یاسایی ئەنجام دەدرێن.
قەبارەی بوودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، بڕی ١٩٨ تریلیۆن و ٩١٠ ملیار و ٣٤٣ ملیۆن و ٥٩٠ ھەزار دینارە.
پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، بە ١٦ تریلیۆن و ٦٠٩ ملیار دینار دیاریکراوە کە مانگانە دەکاتە یەک تریلیۆن و ٣٨٤ ملیار دینار.