Hemn Baban,Sarmand Hameed
25 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 26 حوزەیران 2016
هەولێر
بەیانی ئەمرۆ شەممە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق د.سەلیم جبووری لەبارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی رزگاركردنی نەینەوا لەگەڵ وەزیری بەرگریی عێراق خالید ئەلعوبێدی و پارێزگاری نەینەوا نەوفل سوڵتان حەمادی و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا نەجم جبووری كۆبووەوە و باسیان لە دواین پێشهاتەكانی مەیدانیی لە رزگاركردنی ناوچەكانی سەر پارێزگاكە و پێشكەوتنەكانی ئەمدواییەی لەشەڕی دژ بە داعش كرد.
دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق د.سەلیم جبووری لەگەڵ پارێزگای نەینەوا نەوفل حەمادی باسی لەهۆكاری سەردانەكەی كرد و وەڵامی رۆژنامەنووسانیشی دایەوە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەوبارەیەوە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن كە ئاژانسی ئانادۆڵوش ئامادەی بوو گوتی: " ئێستا چاوی هەموو عێراقییەكان چاوەڕوانی ئەو ساتەن كە تێیدا سەركەوتنی بەدی هاتوو بەسەر سەرسەختترین دوژمنی مرۆڤایەتی داعش و گرووپە تیرۆریستییەكانی دیكەش لێرەوە لەسەر خاكی نەینەوا بەدی بێت، ئەم سەردانەمان بۆ ئێرە گوشینی دەستی شەڕكەر و سەربازە پاڵەوان و زیرەكەكانە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا و ئیدارەی مەدەنی لە هەوڵە گەورە و گرانەكانییاندا لەبەدیهێنانی سەركەوتن".
گوتیشی" ئاماژەكانی رزگاركردن بەشێوەیەكی سەرەتایی دەركەوتوون و سەركەوتنی كۆتایی بەوە دەبێت كە پێویستییەكان رەچاو بكەین و دابینیان بكەین كە لەسەروویانەوە هەماهەنگی هاوبەش و یەكخستنی هەوڵەكان و دابەشكردنی رۆڵەكان بەشێوەیك كە هەماهەنگی لەنێوان سەرجەم لایەنەكان ئەركەكە دروست بكات، واتە لەنێوان فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكان و دەزگا ئەمنییەكان و دەزگا سەربازییەكان و هێزەكانی پاڵپشت و لەوانەش گرنگتر بەشداریی خەڵك و عەشیرەتەكانە لە رزگاركردنی نەینەوا، تا بتوانیین سەركەوتن بەدەست بهێنین بە هەماهەنگیی هەمووان، حكوومەتی ناوەندی و حكوومەتی هەرێم و هاوپەیمانان پاڵپشت دەبن بۆ هێزەكانی رزگاركەر".
جبووری باسی لە گرنگی و بایەخی رەچاوكردنی لایەنی مرۆیی كرد لەكاتی رزگاركردنی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش لەسەرجەم عێراق و بەتایبەت لە پارێزگای نەینەوا و روونی كردەوە: " دەبێت گرنگیی تایبەت بەلایەنی مرۆیی بدەین، ناتوانیین نكۆڵی لەوە بكەین كە خەڵكانێك هەن لەنێو پارێزگای نەینەوا چاوەڕوانی رزگاركردنن، دەبێت جیاوازی بكەین لەنێوان ئەوانەی ئاسانكارییان كرد و ئەوانەشی كەمتەرخەمییان كرد و ئەوانەشی پاڵپشتیی داعشیان كرد و هۆكاری هێنانی ئەوان بوون، لەهەمان كاتدا دەبێت ئەوە بزانیین كە بارمتە و بێ دەسەڵات هەن لە ئافرەتان و منداڵان و خەڵكانێكیش چاوەڕوانی ساتەكانی رزگاركردنن، راستە سەركەوتن گرنگە، بەڵام بەچی شێواز و جۆر و نرخێك دەبێت چاوی پێدابخشێنرێتەوە".
جبووری لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: " دەبێت مەدەنییەكان كەشی لەباریان بۆ بڕەخسێت بۆ لەخۆگرتنییان لەگەڵ دابینكردنی شوێنی گونجاو بۆیان، چونكە چاوەڕوان دەكرێت شاڵاوێكی ئاوارەبوونی دیكە رووبدات، بۆیە دەبێت وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و بەدیاریكراوی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر بۆ پێشوازیكردن لە ئەوان".
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "دەستخۆشی لە سەرباز و شەڕكەرە پاڵەوانەكان دەكەم لەپاش سەركەوتنە گەورەكان لە فەللوجە و خوایار بێت لە حەویجە و شەرگات و باكووری سەڵاحەدین و نەینەواش بەدی دێت، ئەوەش پێویستی بەهەوڵ و هەماهەنگی ئەمنی و هەواڵگرییە و پاڵپشتیی ئاسمانی و دانیشتووانی ناوچەكەیە و ئەو لایەنانەشی كە رۆڵیان لە كردەی رزگاركردن دەبێت لە حەشد و لە عەشیرەتەكان و ئەوانی دیكەش".
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەدرێژەی قسەكانیدا لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا گوتیشی: "دەبێت سوود وەربگیرێت لە پەندە باشەكانی رزگاركردنی ناوچەكانی دیكە و هەروەها ئەو پێشێلكارییانەشی روویاندا دووبارە نەبنەوە، ئەوەی روویدا لە فەللوجە لە ماوەیەكی پێوانەییدا رزگاركرا و گرنگ بوو، ئێمە بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوامان گوت كە پەیامی پۆزەتیڤ بە خەڵكی نەینەوا بدەن و رێگریی بكەن لە هەر پێشێلكارییەك كە قوربانی هاووڵاتی ئاسایی بێت، بۆیە دەبێت ئەوەی گوتراوە پێشتر وەربگێردرێتە سەر واقیع و ئەوانەی پێشتر روویاندا، دووبارە نەبنەوە".