Mesut Varol
20 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2023
وان - AA
بەمەبەستی ناساندنی دەریاچەی وان و ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیار''فێستیڤاڵی وەرزشە ئاوییەکانی دەریای وان'' دەستی پێکرد، کە ئەمساڵ ١١مینی ساز دەکرێت.
فێستیڤاڵەکە کە بە هاریکاریی شارەوانی ئەدرەمیت و بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و وەرزشی لاوان لە ناوەندی وەرزشە ئاوییەکانی ئەدرەمیت-گەبزە ڕێکدەخرێت، بە نمایشی ئاڵای تورکیا لە ژێر ئاودا لەلایەن وەرزشوانانەوە دەستی پێ کرد.

پارێزگار و جێگری سەرۆکی گەورە شارەوانی وان، ئۆزان باڵجی لە ڤێستیڤاڵەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەریاچەی وان یەکێکە لە گرنگترین سامانەکانی تورکیا.
باڵجی باسی لەوە کرد کە ئەوەی لەدەستیان هاتووە بۆ پاراستنی دەریاچەی وان ئەنجامیان داوە و، گوتی: ''پاککردنەوەی قوڕی لە قوڵایی کە لەلایەن شارەوانییەکەمان و وەزارەتی ژینگە، شارسازی و گۆڕانی کەشوهەواوە بەڕێوەدەچێت بەردەوامە. نزیکەی ١٠٠ ملیۆن لیرەمان لەم پاککردنەوەیەدا خەرج کردووە و بەردەوامیش دەبێت. لە سێ قەزادا دروستکردنی دامەزراوەی پاککردنەوە بەردەوامە و سێ دانەی دیکەش دروست دەکەین. سوپاسی ئەو کەسانە دەکەن کە ئەم فیستیڤاڵە مانادارەیان سازکردووە''.

سەرۆکی شارەوانی ئەدرەمیت، ئیسماعیل سای، باسی لەوە کرد کە چالاکییەکە بووەتە شانۆی دیمەنی زۆر ڕەنگاوڕەنگ.

سای ئاماژەی بەوە کرد کە بە بەشدارییەکی چڕ چالاکییەکە درێژەی هەیە و، گوتی: ''لە فیستیڤاڵەکەدا نزیەکی ٥٠٠ وەرزشوانمان کێبڕکێ دەکەن. چەندین خەڵاتی جۆراوجۆر پێشکەش دەکرێت. وەرزش برایەتییە، بەیەکەوە کۆبوونەوە و شادبوونی کلتوورەکانە بە یەکتری. هەزاران کەس لە ناوچەکەوە ڕوو لێرە دەکەن و ڕۆژانی کۆتایی هەفتە دەبن میوانمان. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە وەرزش و گەشتوگوزار و کلتوور و هونەرە بەرەوپێشمان بردووە''.

لە فێستیڤاڵەکەدا نمایشی فلایبۆرد و چەندین پێشبڕکێی وەرزشی ئاوی ئەنجام درا.
فێستیڤاڵەکە کە بووەتە جێی سەرنجی هاووڵاتیان و بەشدارییەکی زۆری هەیە، سبەیش بەردەوام دەبێت.
