Zafer Fatih Beyaz
15 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2025
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: ''تەنیا بە سیاسەتی لایەنی داواکاری پشتیوانی لە بەرەنگاربوونەوەی هەڵئاوسان ناکەین، بەڵکو بە ڕێوشوێنەکانی لایەنی دابینکردن لە بوارەکانی وەک خۆراک و خانووبەرە پشتیوانی دەکەین''.
لە میانی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بە دۆخی تورکیا کرد و، ڕایگەیاند: ''تورکیا لە سایەی بەڕێوەبردنی لەلایەن تیمێکی متمانەپێکراو و لێهاتوو لە سەلامەتییدایە. بە دڵنیاییەوە تورکیا بە ڕێنمایی هاوپەیمانی جمهور دەگاتە مەنزڵ''.
سەبارەت بە هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ سووریا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: ''شتێک لەوە سروشتیتر نییە تورکیا بە هۆکارگەلێکی تەواو ڕەوا و شەرعی، بەتایبەتیش هۆکارە مرۆییەکان دەستوەردان لە وڵاتی پەنای خۆیدا بکات''.
سەرکۆمار ئەردۆغان لە بارەی هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی وڵاتەکەی بەرامبەر دۆخی نوێی سووریا ڕایگەیاند: '' بەدرێژایی ١٣ ساڵ بۆ جارێکیش لە پاڵ وڵاتەکەیان و تورکیا و ستەمدیدە و بەشخوراوان و پەنابەرانی سووریدا نەبوون''.

گوتیشی: ''چی دەکەن بیکەن، ناتوانن شۆڕشی سووریا بە فوو بکوژێننەوە. لە ناوخۆی وڵاتیش ناتوانن ئەو هانە هانەیەی زۆر ئارەزووی دەکەن، ئەنجام بدەن. ناتوانن برایەتی تورکیا-سووریا، تورک-کورد-عەرەب بشێوێنن، ناتوانن ئیرادەمان بۆ پێکەوە ژیان تێکبدەن''.
هەر سەبارەت بە هەڵوێستی تورکیا پەیوەست بە پرسی سووریا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند:ناتوانین لە ڕوانگەی ڕۆژئاوایییەکانەوە لە وڵاتێکی دراوسێ بڕوانین کە پەیوەندی سەدان ساڵ برایەتیمان لەگەڵیدا هەیە و ٩١١ کیلۆمەتر سنوورمان هەیە لەگەڵیدا.
ڕاشیگەیاند: ''هاوشێوەی هەموو بەشەکانی سووریا چاودێری چارەسەری هەموو پرسەکانی برایانی کوردمانیشین و پشتیوانی دەکەین، زامنی ئاسایشی کوردەکانین''.

سەرکۆمار ئەردۆغان ڕەخنەی لە هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی تورکیا کرد دەرهەق بە دۆخی نوێی سووریا و، ڕایگەیاند: ''٤٠ ڕۆژ بەسەر شۆڕشی سووریادا تێپەڕیوە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی نەیتوانیوە قسەیەکی بەرهەمدار و لۆژیکی بڵێت کە زانیاری تێدا بێت''.
سەبارەت بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگە لە سووریا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: ''ڕێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگە کە سەرچاوە سروشتییەکانی سووریا زەوتکردووە، خۆ ئەگەر خۆی هەڵنەوەشێنێتێوە و چەک دانەنێت، ناتواننێت لەو چارەنووسە تاڵەی نزیکە ڕزگاری ببێت''.

سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە چارەسەری پرسی تیرۆر لە سووریا کرد و، ڕایگەیاند:''باهەمووان دەست لە ناوچەکە بکشێننەوە، ئێمە لەگەڵ برایانی سووریدا بەیەکەوە لە ماوەیەکی کورتدا سەری داعش و یەپەگە و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەش پان دەکەینەوە''.
لە بارەی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر خاکی سووریا بەتایبەتی لەلایەن ئیسرائیلەوە، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: ''پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بەکردەی دەستدرێژی ئەو هێزانە بهێندرێت بەتایبەتی ئیسرائیل کە هێرش دەکەنە سەر سووریا. بە پێچەوانەوە ئەنجامەکان کاریگەری نەرێنیان لەسەر هەمووان دەبێت''.
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە لە نزیکەوە چاودێری گفتوگۆکانی دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە غەززە دەکەن و، ڕایگەیاند: بە دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە غەززە کە ١٥ مانگە جینۆساید و کۆمەڵکوژی تیایدا درێژەی هەیە، دەرفەتێکی گرنگ بۆ ئاشتیی و سەقامگیریی درێژخایەن لە هەموو ناوچەکەدا دێتە ئاراوە.
گوتیشی: ''زۆر لە نزیکەوە چاودێری گفتوگۆکانی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکەین، ئومێدەوارین هەرچی زووە هەواڵی ئەرێنیی ببینستین''.
سەرکۆمار ئەردۆغان ئەوەیشی خستەڕوو کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگە بەرچاوترین کێشەی سووریایەوە و، ڕایگەیاند: ''لە ئێستادا بەرچاوترین کێشە لە سووریا ڕێکخراوی تیرۆریستیی یەپەگەیە، کە هێشتا نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی وڵاتەکەی داگیر کردووە''.
سەبارەت بە هەڵمەتی کارتی سووری پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: '' وەک گەلەکەمان ئێمەیش بەرامبەر ئەم بیرۆکە ئۆرجیناڵە سەرسام بووین. جارێکی دیکە توانای جەهەپەمان بۆ بەرهەمهێنانی سیاسەت بینیەوە''.
ڕاشیگەیاند: ''کەس ڕازی نییە بە لەدەستدانی دەرفەتێک کە تیایدا بەڵای تیرۆر بۆ هەمیشە نامێنێت، ئەوە ئێمە هەر ڕازی نین''.
سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر هەنگاوەکانیان کردەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی جەداخواز و، ڕایگەیاند: ''فەرمانمان داوە بە هاوڕێیانی پەیوەندیدار کە ئەو کارانەی دەستەبەری هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوی جوداخواز دەکەن بە وریایی و فرەلایەنی بەڕێوەببەن''.

گوتیشی: ''با چەک وەلاوە بنێین و دیواری تیرۆر بڕوخێنین، دەمانەوێت وەک ٨٥ ملیۆن کەسی ئەم وڵاتە هەموو بەیەکەوە یەکتر لە ئامێز بگرین. ئامانجمان لابردنی بەربەستی تیرۆر و بەرزڕاگرتنی یاسای برایەتییە. لەو چوارچێوەیەشدا پێشکەوتنی بەرچاو بەدیهاتووە''.
سەرکۆمار ئەردۆغان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەمڕۆ ڕۆژی دەستەبەرکردنی ئاشتیی و سەقامگیریی و ئاسایشە لە هەموو جوگرافیاکەماندا و، ڕایگەیاند: ''ئەمڕۆ کاتێتی، ڕۆژی برایەتییە. ڕۆژی واڵاکردنی دەرگاکانی ئارامییە. ڕۆژی دەستەبەرکردنی ئاشتیی و سەقامگیریی و ئاسایشە لە هەموو جوگرافیاکەماندا''.
گوتیشی: ''دەمانەوێت بەیەکەوە ئەو برینانەی ٤٠ ساڵە تیرۆر دروستی کردوون ساڕێژ بکەین. دەمانەوێت ئەوەی سەردەکەوێت کورد، تورک، تورکمان، عەرەب بێت بەبێ جیاوازی، نەوەک ئیمپریالیستەکان''.
سەباەت بە هەڵوێستی ڕێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز و درێژکراوەکانی لە بارەی ئەو بانگەوازەی ئاڕاستەیان دەکرێت، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: ''ئەگەر ڕێکخراوەکە گوێ نەدات بە بانگەوازەکە و پێکهاتە پەیوەندیدارەکانی ئیرادەی چاوەڕوانکراو نیشان نەدەن، ئەو کات بە شێوازی دیکە ئامانجی 'تورکیای بێتیرۆر' بەجێدەگەیەنین''.
گوتیشی: ''ئەگەر بانگەوازی پێویست بکرێت و ڕێکخراوی تیرۆریستیی و پێکهاتە پەیوەندیدارەکانیشی هەنگاوی پێویست بنێن، ئەوا براوە هەموو تورکیا دەبێت بە تورک و کوردەوە''.