Necmettin Karaca
26 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 27 مای,س 2023
وان- AA
ماسی سەر مرواری کە بە ماسی وان ناسراوە و لەناو دەریاچەی واندا دەژی، لەگەڵ هاتنی وەرزی زاووزێدا بەپێچەوانەی ئاڕاستەی ئاوەکەوە جوڵە دەکات و کۆچ دەکات بۆ ئاوە سازگارەکان تا لەوێ گەراکانی دابنێت.
ساڵانە لە ١٥ی نیسان بۆ ١٥ی تەمووز، ماسی وان بەرەو ئاوە سازگارەکان کۆچ دەکات، رووباری چای لە قەزای ئەرجیش جوانترین دیمەنی کۆچی ئەم ماسییانەی لێدەبینرێت و هاووڵاتییان و ئەو کەسانەی خولیای وێنەگرتنیان هەیە، لەنزیکەوە سەیری کۆچی ماسییەکان دەکەن.
ماسییەکان کە لەم وەرزەدا راوکردنیان قەدەغەیە، دوای گەیشتنیان بە ئاوە سازگارەکان لە شوێنی گونجاودا گەراکانیان دادەنێن.
- "هەر ماسییەکی مێیە تێکڕا ١٠ هەزار گەرا دادەنێت"
مامۆستای بەشی زیندەوەرە دەریاییەکانی زانکۆی یوزونجویڵی وان، موستەفا ئاککووش لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە لە ئێستادا وەرزەکەی گونجاوە بۆ کۆچی ماسییەکان و گوتیشی: ب"ماسییەکان، کاتێک پلەی گەرمی ئاوە بەخوڕەکان بگاتە ١٣ پلە، دەست بە دانانی گەرا دەکەن. هەر مێیەکی ماسی سەر مرواری تێکڕا ١٠ هەزار گەرا دادەنێت. گەراکان بەهۆی ئەو پێکهاتە لینجەی کە هەیانە بە بەرد و لمی بنی ئاوە بەخوڕەکانەوە دەگیرسێنەوە. ماسییەکان دوای دانانی گەراکانیان دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ دەریاچەی وان، ئەو بێچووە ماسییانەشی لە گەراکان دێنەدەر لە ماوەی یەک بۆ دوو هەفتەدا دەگەڕێنەوە بۆ دەریاچەکە".
ئەو کەسانەشی لەم وەرزەدا سەردانی ناوچەکە دەکەن دەتوانن لەنزیکەوە دیمەنی کۆچی ماسییەکان ببینن.
یەکێک لەو هاووڵاتییانە بە ناوی موراد گوندووز رایگەیاند: "لە ئیستانبوڵەوە هاتووم. لەدوای نیشانە کردنی دەستگیرانەکەم هاتین بۆ ئێرە. ئێرە وەک ستۆدیۆیەکی ناو سروشت وایە، دەستگیران و هاوسەرانی زۆری وەک ئێمە لێرەن. بەڕاستی شوێنێکی نایابە".
هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی خەدیجە گۆکسوون، باسی لەوە کرد کە خەباتی ماسییەکان لە پێناو بەردەوامیدان بە ژیان شایەنی بینینە، گوتیشی: "بەڕاستی ئێرە شوێنێکی زۆر جوانە. سروشتی ناوچەکە و نەورەسەکان لەلایەک و ماسییەکانیش لەلایەک دیمەنی ناوازەیان دروست کردووە. مرۆڤ نایەوێت ئێرە بەجێبهێڵێت".