Muhammed Nuri Erdoğan
30 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2024
ئەنقەرە - AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا، عەلی یەرلیکایا بڵاویکردەوە کە ساڵی ڕابردوو سێ هەزار و ٩١١ ئۆپەراسیۆنیان لە شار و ١٩ هەزار و ٦٨٢ ئۆپەراسیۆنیان لە گوندەوار بۆ سەر ڕێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز ئەنجامداوە و، ٩٢٣ تیرۆریستیان لەچالاکی خستووە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە، یەرلیکایا ئاماژەی بەوە کرد کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا لەلایەن یەکەکانی سەربە فەرماندەیی گشتیی جەندرمە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش و فەرماندەیی ئاسایشی کەناردەریاوە ئۆپەراسیۆن کراوەتە سەر تەواوی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەتایبەتی ڕێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی فەتۆ و داعش و چەپ و بەردەوامیش دەبن لەسەر ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە.
یەرلیکایا دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکان کرد بۆ ئۆپەراسیۆنەکانیان و، ڕایگەیاند: "هەرگیز چاوپۆشی لەو ناپاکانە ناکەین کە یەکێتیی و پێکەوەیی وڵاتەکەمان دەکەنە ئامانج. هەتا لەچالاکی خستنی دوواین تیرۆریست، پێداگرانە بەرەنگاریمان دژ بە تیرۆر بەردەوام دەبێت. دەمەوێت گەلە ئازیزەکەم بزانێت ئێمە دەڵێین ئارامی تورکیا. لەبەرئەوە هەرگیزا و هەرگیز چاوپۆشی لەوانە ناکەین کە هەوڵی تێکدانی ئارامی ولاتەکەمان دەدەن، تیرۆریستان و ئەوانەشی هاریکارییان دەکەن و یەکێتیی و پێکەوەیی وڵاتەکەمان دەکەنە ئامانج".
وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئەوەیشی خستەڕوو کە ساڵی ڕابردوو (یەکی کانوونی دووەم-٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣) سێ هەزار و ٩١١ ئۆپەراسیۆنیان لە شار و ١٩ هەزار و ٦٨٢ ئۆپەراسیۆنیان لە گوندەوار بۆ سەر ڕێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز ئەنجامداوە و، ٩٢٣ تیرۆریستیان لەچالاکی خستووە و، حەوت هەزار و ٧١٦ گومانلێکراویان دەستگیرکردووە، لەوانەیش هەزار و ٥٥٥ کەسیان دەستبەسەر کردوون و هەزار و ٦٨٣یان بە مەرج ئازاد کردوون.
گوتیشی: ''شەش هەزار و ٧٧٥ ئۆپەراسیۆن کراوەتە سەر ڕێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی (فەتۆ) و نۆ هەزار و ٦٣٩ گومانلێکراو دەستگیرکراون، لەوانەیش هەزار و ٦٨٩یان دەستبەسەر کراون و هەزار و ٦٧٧یان بە مەرج ئازاد کراون. هەروەها هەزار و ٥٠٠ ئۆپەراسیۆن کراوەتە سەر ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و دوو هەزار و ٨٠٠ گومانلێکراو دەستگیرکراون، لەوانەیش ٧٣٨یان دەستبەسەر کراون و ٦٥٠یان بە مەرج ئازاد کراون. لە هەمان ساڵدا ٣٥٨ ئۆپەراسیۆن کراوەتە سەر ڕێکخراوی تیرۆریستیی چەپ و، ٧٣٧ گومانلێکراو دەستگیرکراون، لەوانەیش ٩٧یان دەستبەسەر کراون و ٢٠٧یان بە مەرج ئازاد کراون.''.
یەرلیکایا باسی لەوەیش کرد کە ئەو تیرۆریستانەی لەچالاکی خراون ٦٤یان بە ناو لە پلەی باڵادابوون، کە هەشتیان ناویان لە لیستی سووری داواکراواندا بووە، یەکێکیان ناوی لە لیستی شین، دووانیان ناویان لە لیستی سەوز، ١٦یان ناویان لە لیستی پرتەقاڵی، ٣٧یان ناویان لە لیستی خۆڵەمێشییدا بووە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەیش کرد کە لە ساڵی ڕابردوودا ڕێگریی لە ١٦٣ کردەی تیرۆریستیی کراوە کە ١٢٤یان هەوڵدان بووە بۆ دانان و تەقاندنەوەی بۆمب.