Burcu Çalık Göçümlü
02 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 05 ئادار 2023
ئەنقەرە - AA
مەحمود کونداکچی تەمەن ٨٣ ساڵ کە بە چوونە ناو داروپەردووی خانووەکەیان کە لە قەزای گۆکسون سەربە پارێزگای قەهرەمانمەڕەش بەهۆی بوومەلەرزەکەی شەشی شوبات داڕووخابوو، فاتمە کونداکچی رزگار کرد کە ٦٥ ساڵە هاوژینییەتی.
ئەو ژن و مێردە بەساڵاچووە کە توانییان بە سەلامەت لە خانووەکەیان دەربچن کە بەشێکی زۆری لە بوومەلەرزەی دووەمدا وێران بوو، بە پاڵپشتیی خوشکەزاکانیان و خێرخوازان هێنرانە ئەنقەرە.
%2FNew%20folder%20(8)%2FAA-30450691.jpg)
لە کاتێکدا فاتمە کونداکچی تەمەن ٧٩ ساڵ بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە لە نەخۆشخانەی ماماک چارەسەری بۆ دەکرێت، مەحمود کونداکچی هاوسەری تەمەن ٨٣ ساڵ بۆ ساتێکیش بە تەنیا لە نەخۆشخانە بەجێی ناهێڵێت.
فاتمە کونداکچی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە دا کە لە یەکەم بوومەلەرزەدا، خۆیان ئامادە دەکرد بۆ نوێژی بەیانی هەستن و گوتی: "لەخەو هەڵسام، ماڵەکەمان دەهەژا. بینیم پیاوەکەم شەهادە دەهێنێت، دواتر منیش شەهادەم هێنا و رامان کرد بۆ دەرگاکە بۆ ئەوەی دەربچین، لە کۆتا ساتدا هاتینە دەرەوە".
%2FNew%20folder%20(8)%2FAA-30450697.jpg)
- "دەستی راکێشام و رزگاری کردم"
فاتمە کونداکچی رایگەیاند کە لە نەخۆشخانەی ماماک چارەسەریی بۆ کراوە و سوپاسی پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکەی کرد و گوتی: "ئێستا باشم، سوپاس بۆ خوا. لە دووەم بوومەلەرزەدا ئەگەر مەحمود نەبووایە کۆتایی بەژیانم دەهات. لەو کاتەی لەژیر داروپەردوودابووم، دەستی راکێشام و رزگاری کردم".
مەحمود کونداکچی تەمەن ٨٣ ساڵ رایگەیاند لە بوومەلەرزەی دووەمدا، زۆربەی خانووە لەخشتدروستکراوەکان داڕووخان.
کونداکچی بە گریانەوە باسی لەو ساتانە کرد و گوتی: "لە بوومەلەرزەی یەکەمدا چووینە دەرەوە، دواتر من لە دەرەوە بووم، خانمەکەم چووبووە ماڵەوە. نیوەڕۆ بوو دەچوومە ماڵەوە، هەر لەو کاتەدا کە دەرگام کردەوە بوومەلەرزە روویدا، ماڵەکە رووخا. کوڕەکەم هات، منی راکێشا بۆ دواوە. گوتم: 'با بڕۆم. دەمەوێت لەگەڵ ئەودا بمرم'. خانمەکەم گوتی: 'مەیە ژوورەوە'، من گوتم 'دێمە ژوورەوە'. خانمەکەم توانی تا دەرگاکە بێتە پێشەوە. خۆم خزاندە ژوورەوە، دەستیم گرت، رامکێشا و لەژێر داروپەردوودا رزگارم کرد".
مەحمود کونداکچی ئاماژەی بەوە دا کە سێ رۆژ لە دەرەوە ماونەتەوە، لەو ماوەیەدا بەردەوام پاشلەرزە روویداوە، بەهۆی کێشەی تەندروستیی هاوسەرەکەیەوە هێنراونەتە ئەنقەرە و گوتی: "شوێنی مانەوە و خواردن و هەموو شتێکیان بۆ دابینکردین، خوای گەورە لە هەموو ئەو کەسانە رازی بێت کە هاوکارییان کردین".
پزیشک لە نەخۆشخانەی ماماک، سیبەل کایا فورات سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی فاتمە کونداکچی رایگەیاند کە نەخۆشییەکانی وەک شەکرە و نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە و سستبوونی دڵی هەیە و گوتی: "نەخۆشەکەمان هەوکردنێکیشی هەبووە کە دوای بوومەلەرزەکە زیادی کردووە. چارەسەی پێدەدرێت و لەئێستادا بارودۆخی باشترە. لە چەند رۆژی داهاتوودا پوورە فاتمە دەتوانێت نەخۆشخانە بەجێبهێڵێت".