Necmettin Karaca
09 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2023
وان – AA
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەپێی پێویست، هەزاران ماسیی مرواری کە لە دەریاچەی وان دەژین، بەمەبەستی زاوزێکردن دەستیان بە رۆیشتن بە پێچەوانەی رەوتی شەپۆلەکان کردووە و بەرەو ئاوە سازگارەکان کۆچ دەکەن.
ئەو جۆرە ماسییە کە بووەتە سەرچاوەی داهات بۆ زیاتر لە ١٥ هەزار کەس لە ناوچە نیشتەجێبوونەکانی کەناراوەکانی دەریاچەی وان دەستیان بە کۆچکردنە سەختەکەیان کردووە کە لە ١٥ی نیسانەوە دەستی پێ کردووە و تا ١٥ی تەمووز بەردەوام دەبێت.
ماسی مرواری بۆ زاوزێکردن لە ئاوی سوێر و سۆدەیی دەریاچەی وانەوە بەرەو ئاوی سازگاری چەمەکان دەڕۆن و دیمەنی کۆچکردنیشیان بووەتە جێی سەرنج و گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی لە رێگای مۆبایل و کامێراوە دیمەنی ئەو کۆچەیان تۆمار دەکەن.
مامۆستا لە کۆلێژی بەرهەمە ئاوییەکانی زانکۆی یوزونجو یڵ/وان، مستەفا ئاککوش بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە دوای زاوزێ ماسییەکان دەگەڕێنەوە بۆ دەریاچەی وان و گوتی: "کۆچی ئەم جۆرە ماسییانە دیمەنێکی دڵڕفێنی بۆ تەواوی ئەو ١١١ چەمە دروست کردووە کە لە دەوروبەری دەریاچەی وان-ن. هەزاران ماسی دەبیندرێن کە بەسەر ئەو بەردانەدا دەڕۆن بۆ سەرەوە کە ٢٠ هێندەی خۆیانن".

مستەفا ئاککوش سەرنجی خستە سەر ئەوەی هاوشێوەی ساڵانی دیکە یەکێک لەو کێشە گەورانەی دووچاری بوونەتەوە راوەماسی نایاساییە و گوتی: "ئەمساڵ بەهۆی وشکەساڵییەوە ئاستی ئاوی چەم و رووبارەکان کەم بووەتەوە ئەمەیش بووەتە کێشەیەکی دیکە لەبەردەم کۆچی ماسیی مرواریدا".
مورسێل یاغجیئۆغڵو کە لە ئیستانبوڵەوە هاتووە بە ئاماژەدان بەوەی ویستوویەتی لە نزیکەوە کۆچی ماسییە مروارییەکان ببینێت، گوتی: "لەگەڵ ٢٠ ئارەزوومەندی وێنەی فۆتۆگرافی هاتووین و وێنەی ئەم کۆچە ناوازەیە دەچرکێنین".
