Dilşad Seyfeddin Ahmet
07 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2016
دەستەی رۆشنبیری تەندروستی وكۆمەڵ بەسەرپەرشتی كەمپی كۆلێژە تەكنیكیەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هەستا بە ئەنجامدانی فێستیڤاڵێكی تەندروستی تایبەت بە بۆنەی رۆژی جیهانی تەندروستییەوە.
فێستیڤاڵەكە لە كۆلێژی تەكنیكی سلێمانی و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی تەندروستی و كۆلێژەكە و خوێندكارانی ئەو بەشە بەڕێوەچوو، تێیدا بەشداربووان لەسەر هۆشیاری تەندروستی و ئەنجامدانی شیكارییە تەندروستییەكان و چۆنێتی خواردنی تەندروست و خۆپارێزی ئاگادار دەكرانەوە.
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی میران محەمەد لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئەمڕۆژەی تەرخان كردووە بۆ رۆژی شەكرە لە جیهاندا، لە بارەی ئەو نەخۆشییەوە لە شاری سلێمانی ئەگەر خۆمان بەراورد بكەین لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ رێژەكەمان كەمە ، بەڵام نەخۆشییەكە بۆ خۆی لە هەڵكشاندایە و لە 20 ساڵی داهاتوو دەبێتە دوو هێندە كە ئێستا ژمارەكەی 450 ملیۆن كەسە لە جیهاندا ئەوكات دەبێتە 900 ملیۆن كەس".
ئەو گوتی: "هەڵكشانی ژمارەی تووشبوانی نەخۆشییەكە بۆ گۆڕانی شێوازی ژیانی مرۆڤەكان دەگەڕێتەوە كە ئێستا زۆربەیان ئۆتۆمبێلیان پێیە و خواردنە خێراكان دەخۆن و قەڵەون كەئەوانەش هەمووی زیانی تەندروستی هەیە ، ئەم فێستیڤاڵەی ئەمڕۆی خوێندكارانی ئەم بەشەش بۆ هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییانە لەو نەخۆشییانە".
بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی لە بارەی كاریگەری قەیرانی دارایی و دواكەوتنی مووچە لەسەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان بە هاووڵاتییان گوتی: "بەهۆی ئەو قەیرانەوە 50 لەسەد كاریگەری كردبوو لە ماوەی رابردوودا، بەڵام لە ئێستادا دۆخەكە بەرەو ئاسایی بوونەوە دەڕوات و خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان بەشێوەیەكی باش پێشكەش بە هاووڵاتییان دەكرێت لە نەخۆشخانەكاندا".
یەك لە سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەكە ئاریان حسێن لە بارەی فێستیڤاڵەكەوە گوتی: "وەك كۆمەڵێك خوێندكاری ئەم كۆلێژە گرووپێكمان بەناوی دەستەی رۆشنبیری تەندروستی كۆمەڵەوە دامەزراندووەو گرنگی بەو رۆژە تەندروستییانە دەدەین كە لەلایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە دیاری كراوە، ئەمڕۆش ئەم فێستیڤاڵە ئەنجام دەدەین بە ئامانجی بڵاوكردنەوەی زیاتری هۆشیاری تەندروستی بە هاووڵاتییان كە خۆپاراستن لە چارەسەر كردن باشترە".