Emre Aytekin
15 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 16 نیسان 2021
ئەنقەرە- AA
ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئاشکرایکرد، بە تۆمەتی ئەوەی پەیوەندییان ھەیە بە چالاکیگەلێک کە پەیوەستە بە ھەوڵی ئەنجامدانی ھێرشی سایبەریی و دەستوەردان لە ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ١٠ دیپلۆماتی رووسی دیپۆرت دەکەن.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، بەھۆی کاریگەریی خستنەسەر ھەڵبژاردنەکان و ھەوڵی ئەنجامدانی ھێرشی سایبەریی، سزای جۆراوجۆر بەسەر رووسیادا دەسەپێنن.
لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠دا ژمارەیەک چەتەی ئۆنڵاین، کە گوماندەکرێت پەیوەندییان بە رووسیاوە ھەبێت، دزەیان کردبوویە نێو سیستمی کۆمپیوتەریی ژمارەیەکی زۆر لە دامەزراوە فیدراڵییەکانی ئەمریکا، لەنێویشیاندا وەزارەتەکانی گەنجینە، بازرگانی و داد.
دواتریش ئیدارەی ئەمریکا، رووسیای بە بەرپرسیار لە ھێرشەکان لە قەڵەمدابوو. لەپاڵ ئەوەدا مانگی رابردوو، بێ ئەوەی ھیچ بەڵگەیەک بخەنەڕوو، کاربەدەستانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەکردبوو، کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین فەرمانی داوەتە سیخوڕانی وڵاتەکەی کە ژمارەیەک ئۆپەراسیۆن بەمەبەستی درووستکردنی کاریگەریی لەپێناو ھاوکارییکردنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دووبارە لە ھەڵبژاردنەکاندا، ئەنجامبدەن.