Aliia Raimbekova
17 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2023
کیێڤ - AA
جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا، گاننا مالیار رایگەیاند لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە کە دژەهێرش دەستی پێ کردووە، بە گشتی ٢١٠،٥ کیلۆمەترچوارگۆشە لە خاکی وڵات ئازاد کراوە.
گاننا مالیار لە راگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، هەڵسەنگاندنی بۆ سەرکەوتنەکانی سوپای ئۆکراینا لە بەرەکانی باشوور و رۆژهەڵات، کردووە.
جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا بە ئاماژەدان بەوەی کە هێزەکانی بەرگریی ئۆکراینا لە باشوور بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بە ئاراستەکانی مەلیتۆپۆل و بەردیانسک، ئاشکرای کرد کە سەربازانی ئۆکراینا بەتایبەتی لەو چالاکییانەی کە لە ناوچەکانی ماکاریڤکا-ستارۆمایۆرسکی، نۆڤۆداریڤکا-پریوتنێ، مالا تۆکماکا-نۆڤۆپۆکرۆڤکا و پیاتیهاتکی-گرۆزۆڤە ئەنجامیانداوە، سەرکەوتوو بوون.
مالیار تیشکی خستە سەر ئەوەی کە سوپای ئۆکراینا هەفتەی رابردوودا لە هێڵی بەرگرییەوە پێشڕەوی کردووە بۆ ئەو ناوچانەی کە رووسەکان لێی جێگیرکراون، راشیکەیاندووە: "رووبەری ١٠،٩ کیلۆمەتر چوارگۆشەی دیکە (لە باشوور) رزگار کراوە. بەگشتی لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکانەوە بە درێژایی ٩،٢٥ کیلۆمەتر لە باشوورەوە پێشڕەوی کراوە و رووبەری ١٧٩،٥ کیلۆمەترچوارگۆشە رزگار کراوە".
جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا، گاننا مالیار ئەوەشی خستەڕوو کە لەنێوان ١٠ بۆ ١٦ی تەمووزدا، ١٣٤ پارچە چەک و کەرەستەی سەربازیی و بڕێکی زۆر لە تەقەمەنی و دوو کۆگای سووتەمەنیی رووسیا لەناوبراون و رایگەیاند: "جگە لەوەش، شەش تانک، ٢٤ زرێپۆش، ١٢ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، دوو سیستەمی تۆپخانەی جۆری ئاکاتسیا، دوو سیستەمی تۆپیخانەی جۆری پیۆن و بڕێکی زۆری دیکە لە چەک و تەقەمەنی لەناو براون".
مالیار هەروەها ئاشکرای کرد کە ٥٠ سەربازی رووسیا بە دیل گیراون و لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لە هەفتەی رابردووەوە لە بەشی رۆژهەڵات و باشووری وڵات ئەنجامدراون بە گشتی ٢١٠،٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە رزگار کراون.