Mustafa Melih Ahıshalı
28 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2023
ئیستانبوڵ - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی، ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا ڕێککەوتوون لەسەر "چەککردنی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران" لە ھەرێمی کوردستان و گواستنەوەیان بۆ شوێنی دیکە.
بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی فەرمی ھەواڵی ئێران IRNA، کەنعانی لەمیانی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ھەفتانەیدا، وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژەڤی داوەتەوە.
کەنعانی زانیاری لەبارەی ئەو ڕێککەوتنە خستەڕوو کە لەگەڵ حکوومەتی بەغدا ئەنجامیان داوە و گوتی: ''بەپێی ڕێککەوتنەکە، حکوومەتی عێراق تا ١٩ی ئەیلوول گرووپە تیرۆریستییە چەکدارەکان چەک دەکات و دەیانگوازێتەوە بۆ چەند کەمپێکی دیاریکراو''.
ھەروەھا کەنعانی باسی لەوە کرد کە حکوومەتی ناوەندی بڕیارەکەی گەیاندووە بە بەپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەو وادەیەش درێژناکەنەوە.
گوتیشی: ''چاوەڕوانین ڕێککەوتنەکەی نێوان حکوومەتەکانی ئێران و عێراق بە تەواوی جێبەجێ بکرێت. ئەگەر دوای تەواوبوونی ئەم وادەیە عێراق بەڵێنەکەی نەباتە سەر، ئەوا حکوومەتی ئێران ئەوەی بکەوێتە سەر شانی لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایشیدا جێبەجێی دەکات''.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تاران و بەغدا خاوەنی پەیوەندی دۆستانەن و گوتی: ''بوونی گرووپە تیرۆریستیە چەکدارەکان لە ناوچەی باکووری عێراق خاڵێکی ڕەشە لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان. چاوەڕوانین حکوومەتی عێراق ئەم خاڵە ڕەشە ھەڵگرێت و نەیھێڵێت''.