12 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2020
دۆحە - AA
میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی بەسەردانێک گەیشتە تاران کە لەمیانیدا بەجیا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێران کۆدەبێتەوە.
تەمیم بن حەمەد ئال سانی لە ٢٠١٣دا دەسەڵاتی گرتووەتە دەست و ئەمە یەکەمجارە وەک میری قەتەر لەسەروبەندی گرژییەکاندا لە ناوچەکە سەردانی ئێران دەکات.
بەپێی راگەیەندراوێکی دیوانی میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ تاران لەگەڵ سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی و گەورە بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە کە لەمیانیدا ژمارەیەک پرسی گرنگ تاوتوێ دەکەن لەوانە چۆنیەتی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەگەڵ پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکە.
هاوکات ئاژانسی هەواڵیی "فارس" بڵاویکردەوە کە میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ تاران لەگەڵ رابەری باڵای شۆڕشی ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی کۆدەبێتەوە و بە دووقۆڵیی گفتوگۆ دەکەن سەبارەت بە رەوشی ئێستای ناوچەکە.