Kasım İleri,Hozan Mohammed Jabbar
17 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2023
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، (پنتاگۆن)، جەنەڕاڵ پاتریک رایدەر، کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا "ئایا هێزەکانی ئەمریکا مەشق و راهێنانی هێلیکۆپتەریان بە پەکەکە/یەپەگە دەکەن کە لە سووریا ناوی هەسەدە بەکار دەهێنن؟"، گوتی: "ئەوەندەی من بزانم، نەخێر".
دوای کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێک لە باکووری عێراق کە تیرۆریستانی پەکەکەی هەڵگرتبوو، بابەتی ئەوەی چۆن هێلیکۆپتەرەکە کەوتووەتە دەستی ئەو رێکخراوە بووە جێگەی پرسیار. هاوکات تەواوی سەرنجەکان خرانە سەر ئەمریکا کە راهێنان و پشتیوانی چەک بۆ باڵی رێکخراوەکە لە سووریا دابین دەکات.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو بەبیرهێنانەوەی ئەوەی هێلیکۆپتەرەکە کە ئەندامانی رێخکراوی تیرۆریستی پەکەکەی هەڵگرتبوو کەوتبووە خوارەوە، پرسیاری ئەوەی کرد: "ئایا مەشق و راهێنانی هێلیکۆپتەر بە هەسەدە لە سووریا دەکەن؟". رایدەر لە وەڵامدا گوتی: “ئەوەندەی من بزانم، نەخێر".
دژەتیرۆری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیجی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک راگەیەندراوێکی سەبارەت بەو هێلیکۆپتەرەی لە ناحیەی چەمانکێ سەربە پارێزگای دھۆک کەوتەخوارەوە بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوەدا کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییان بە حکوومەتی عێراق و هاوپەیمانان و حکوومەتی تورکیاوە کردووە لەبارەی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەوە، بەڵام لە وەڵامدا رایانگەیاندووە کە هێلیکۆپتەرەکە هی ئەوان نییە.
ئەوەش خرابووەڕوو کە ھێزە ئەمنییەکان دەستیان بەدواداچوون لەو بارەوە کردووە و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە هێلیکۆپتەرەکە لە جۆری Eurocopter AS350 بووە و چەند سەرنشینێک لەوانەی گیانیان لە دەستداوە چەکدارانی پەکەکە بوون، بەدواداچوونیش لەو بارەوە بەردەوامیی دەبێت تا زانیاریی تەواو لەسەر هێلیکۆپتەرەکە کۆ بکەنەوە کە سەر بە چ لایەنێک بووە.
هاوکات وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە رایگەیەندراوێکدا، ئەو بانگەشانەی بەدرۆخستەوە کە لە هەندێک هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتیدا کرابوون سەبارەت بەوەی "ئەو هێلیکۆپتەرەی کە لە باکووری عێراق کەوتووەتە خوارەوە، سەر بە سوپای تورکیا بووە".