Ahmed Mohammed Mahmoud Hashim,Zana Natık Kerem
12 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2020
واشنتۆن - AA
رۆژنامەی وۆڵ ستریت بڵاویکردەوە، ئەگەر بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەهۆی کوژرانی فەرماندەی فەیلەقی قودس، قاسم سولەیمانی جێبەجێ بکرێت، ئەوا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئابووری عێراق لاواز دەکات.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت لە ژمارەیەک بەرپرسی عێراق کە ناوی ئاشکرا نەکردوون بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری داوە لەوەی کە هەژماری بانکی ناوەندی عێراق لە بانکی فیدرالی لە نیویۆرک دادەخەن، ئەگەر بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەهۆی کوژرانی فەرماندەی فەیلەقی قودس، قاسم سولەیمانی جێبەجێ بکرێت.
بەگوتەی ئەو بەرپرسانەی عێراق ئەگەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەو هەنگاوە بنێت ئەوا زیان بە دارایی و ئابووری عێراق دەگات، چونکە هەرچی داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراقە دەچێتە ناو بانکی فیدرالی لە نیویۆرک، تەنانەت پارە بۆ پێدانی مووچە و گرێبەستە گشتییەکان لەو بانکە رادەکێشێت.
رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ هەڕشەی كردبوو لەوەی ئەگەر بەغدا داوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بكات ئەوا سزا بەسەر عێراقدا دەسەپێنێت.
هەڕەشەكەی دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوە هات كە رۆژی یەكشەممەی هەفتەی رابردوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی دەنگی دابوو لەسەر بڕیارێك كە تیایدا داوا لە حكوومەتی عێراق دەكات كە كۆتایی بهێنێت بە بوونی سەربازی ئەمریكا لە وڵات.