Fahrettin İbrahim
21 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
بارەگای بارزانی لە پەیامێکدا سەرەخۆشی لە كەسوكاری فەرهاد و ئازاد خوسرەوی و خەڵکی گوندی نێ دەکات.
لە پەیامەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە "هەواڵی گیانلەدەستدانی هەردوو نەوجەوانی كۆڵبەر، فەرهاد خوسرەوی و ئازاد خوسرەوی زۆر ناخهەژێن بوو".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە "سەرەخۆشیی لە خانەوادە و كەسوكاری هەر دوو جوانەمەرگ و خەڵكی خۆشەویستی گوندی "نێ" و دەڤەری مەریوان دەكەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین. هیواخوازین چیتر كارەساتی وا دڵتەزێن دووبارە نەبێتەوە و خوشك و براكانمان لە ئازار و نەهامەتی دوور بن".
جێی باسە دوێنێ هەینی دوای چەندین رۆژ گەڕان بە دوای تەرمەکانیاندا، فەرهاد خوسرەوی و ئازاد خوسرەوی لە شاخەکانی سەر سنوور لە لایەن خەڵکی مەریوانەوە دۆزرانەوە و ئەمڕۆ لە میانی ناڕەزایەتی خەڵکی شارەکە دژ بە دۆخی ئابووری ئێران، بە خاک سپێردران.