Zana Natık Kerem
07 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2023
ھەولێر – AA
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڵۆید ئۆستن لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، گەیشتە بەغدا.
ڵۆید ئۆستن لە میانی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کۆدەبێتەوە و بە دووقۆڵی ژمارەیەک پرسی گرنگ تاوتوێ دەکەن.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە لێدوانێکدا ئامانجی سەردانەکەی بۆ بەغدا خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە کە ئامانج لە سەردانەکەی بۆ بەغدا، جەختکردنەوەیە لەسەر ھاوبەشی ستراتیجیی نێوان ئەمریکا و عێراق.
چاوەڕان دەکرێت وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڵۆید ئۆستن دوای بەغدا، سەردانی ھەولێر بکات و لە میانیدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاندبوو کە ڵۆید ئۆستن گەیشتێک بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات کە لە میانیدا دڵنیایی ئەوە بە وڵاتانی ناوچەکە دەدات کە واشنتۆن رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی لەبیرنەکردووە و لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.
لەئێستادا، دوو ھەزار سەربازیی ئەمریکا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بۆ راوێژ و مەشق پێکردن بە ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بنکەی حەریر سەربە پارێزگای ھەولێر و بنکەی عەین ئەسەد سەربە پارێزگای ئەنبار جێگیرکراون.
بەپێی زانیارییەکان، ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ئێستا، یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ مەشقپێکردنی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان تەرخانکردووە، ھەروەھا دوو ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاریشی بۆ باشترکردنی رەوشی مرۆیی پێشکەش بە عێراق و ھەرێمی کوردستان کردووە.