Zana Natık Kerem
16 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح و باڵیۆزی رووسیا لە بەغدا، ئیلبروس کۆتراشێڤ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، بەرھەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیی کردووە لە باڵیۆزی رووسیا لە بەغدا، ئیلبروس کۆتراشێڤ و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە میانی دیدارەکەدا، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و رێگاکانی گەشەپێدانی پەیوەندییەکان و گرنگی پتەوکردنی ھەماھەنگی لە بوارەکانی ئاسایش، بەرگریی، بازرگانیی، ئابووریی و رۆشنبیری لە پێناو ھێنانەدی بەرژەوەندی ھاوبەشی ھەردوو گەلی دۆست، گفتوگۆکراوە.
ئەوەیش خراوەتەڕوو کە سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح جەختیکردووەتە لەسەر پێویستی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی بونیاتنەرانە بە ئاراستەی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە، ھاوکات جەختیکردووەتەوە کە عێراق ھەنگاو دەنێت بۆ بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، ھەروەھا رایگەیاندووە کە ئاسایشی عێراق بنەمایەکی گرنگیی ئاسایش، ئاشتیی و ئارامییە لە ناوچەکەدا.