Beraa Göktürk,Zana Natık Kerem
18 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 18 تشرینی یەکەم 2020
باكو ــ AA
سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، مستەفا شەنتۆپ گەیشتە شاری باكو پایتەختی ئازەربایجان.
پێشتر سەركۆماری ئازەربایجان، ئیلھام عەلیێڤ بانگهێشتنامەیەكی ئاراستەی مستەفا شەنتۆپ كردبوو تا سەردانی ئەو وڵاتە بكات.
سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، مستەفا شەنتۆپ بە گەیشتنی بۆ فڕۆكەخانەی حەیدەر عەلیێڤ لەلایەن جێگیری سەرۆكی پەرلەمانی ئازەربایجان، عەلی حوسێنلی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی دیكەی ئەو وڵاتە پێشوازی لێكرا.
مستەفا شەنتۆپ لە فڕۆكەخانە بۆ رۆژنامەوانان دوا و رایگەیاند كە لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتارانی پارتە جیاوازەكان هاتوون بۆ ئازەربایجان تا پاڵپشتی خۆیان بۆ ئازەربایجان لە رووبەڕووبوونەوەی ئەرمینیای داگیرکەر نیشان بدەن.
ئەم سەردانەی سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، مستەفا شەنتۆپ بۆ ئازەربایجان تا 20ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت كە چاوەڕوان دەكرێت لە میانیدا لە چالاكی و ئاهەنگەكانی تایبەت بە سەربەخۆیی كۆماری ئازەربایجان بەشداری بكات و زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئازەربایجان ئەنجام بدات.
مستەفا شەنتۆپ لە میانی سەردانەكەیدا، گوتارێك لە بەردەم ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئازەربایجان (پەرلەمان) پێشكەش دەكات.
هەریەك لە جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی ئاك پارتی، جاهید ئۆزكان و جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی جەهەپە، ئەنگین ئاڵتای و سەرۆكی گرووپی دۆستایەتی نێوان پەرلەمانی توركیا و پەرلەمانی ئازەربایجان، شامیل ئایرم و ژمارەیەك پەرلەمانتاری دیكە یاوەری مستەفا شەنتۆپ دەكەن لە سەردانەكەی بۆ ئازەربایجان.
لە 18ی تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێكدا، ئازەربایحان یادی جەژنی سەربەخۆیی دەكاتەوە.