Yusuf Özcan
01 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2022
پاریس -AA
دوای ئەوەی مالی داوای لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە باماکۆ، جوێل مایەر کرد کە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا وڵاتەکە جێبھێڵێت، پاریس باڵیۆزهكهی بانگھێشت کردەوە.
لەو راگەیەندراوەدا کە لە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنساوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە تێبینی ئەوە دەکەن کە حکوومەتی کاتیی مالی دەیانەوێت "کۆتایی بە ئەرکەکانی" مایەر بھێنن و تێیدا ھاتووە: "وەکو ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر ئەمەدا، فەڕەنسا بڕیاری بانگھێشت كردنهوهی باڵیۆزەکەی داوه".
ئەوەش خراوەتەروو کە فەڕەنسا پشتیوانیی ھاوبەشە ئەورووپییەکانی و بە تایبەتی دانیمارک دەکات کە سەربازەکانی "بەبێ ھۆکار" دەرکران.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی ئەرکانی سوپای فەڕەنسا، پیێر شیل، لە لێدوانێكی رۆژنامهوانییدا ئاشكرای كرد، لەگەڵ کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکانیان لە ناوچەی ساحل ئەگەری ھەیە سەربازەکانیان لە ناوچەی دیکە جێگیر بکەن.
پیێر شیل ئەوەشی گوت کە ئەگەری ھەیە فەڕەنسا سەرباز بۆ رۆمانیا بنێرێت.
دوای لێدوانەکانی بەرپرسانی فەڕەنسا لەسەر حکوومەتی کاتیی مالی، وەزارەتی دەرەوەی مالی باڵیۆزی فەڕەنسا لە باماکۆ، جوێل مایەر-ی بانگھێشت کردبوو. لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە مایەر کرابوو کە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا وڵاتەکە جێبھێڵێت.