هه‌ولێر-AA
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پارێزگای هه‌ولێری كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق عه‌لی قادر له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایده‌گه‌یه‌نێت به‌هۆی گرتنه‌به‌ری رێوشوێن و رێككاری توندی له‌شێوه‌ی سیسته‌می بایۆمهتر هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق سه‌د له‌سه‌د جیاواز ده‌بێت و ده‌ڵێت "ئه‌نجامدانی ساخته‌كاری له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق زۆر زۆر ئه‌سته‌م ده‌بێت"، هه‌روه‌ها ئاشكراشی ده‌كات كاركردنییان بۆ ده‌رهێنانی ناوی مردووان و ناوی دووباره به‌رده‌وامی هه‌یه و به‌پێی سیسته‌م لاده‌برێن.
رێژه‌ی ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی له سیسته‌می بایۆمه‌تری خۆیان تۆماركردووه به‌پێی پارێزگاكان به‌مشێوه‌یه‌ن، هه‌ولێر 42 له‌سه‌د، پارێزگای سلێمانی 37 له‌سه‌د، پارێزگای دهۆك 55 له‌سه‌د،له پارێزگای كه‌ركووكیش 52 له‌سه‌د ده‌بێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پارێزگای هه‌ولێری كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق عه‌لی قادر له هه‌فپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس له به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كانی تۆماركردنی بایۆمه‌تری له هه‌رێمی كوردستان و كه‌ركووك ده‌كات و تیشك ده‌خاته سه‌ر ئاماده‌كارییه‌كان، له‌باره‌ی تۆماری بایۆمه‌تری ناوبراو بۆ ئانادۆڵو رایگه‌یاند "تۆماری بایۆمه‌تری پڕۆسه‌یه‌كی گرنگه كه له‌عێراقدا ئه‌نجامده‌درێت، بۆیه بۆ ئه‌وه‌ی تۆمارنامه‌ی بایۆمه‌تری به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست و گونجاو بێت جێی متمانه‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه بێت كه له كایه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌شدار ده‌بن ئه‌مڕۆ ئێمه قۆناغێكی گرنگ و پێشكه‌وتوومان گرتووته به‌ر له تۆماركردنی ده‌نگده‌راندا كه ئه‌ویش ئه‌م تۆماره‌یه كه پێی ده‌گوترێت تۆماری بایۆمه‌تری، پێویسته هه‌موو ده‌نگده‌رێك سه‌ردانی ناوه‌نده‌كانی تۆماركردنی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی له واده‌ی خۆیدا تۆماری بایۆمه‌تری بۆ بكرێت به‌شێوه‌یه‌كی زانستییانه، واته ده‌نگده‌ر كاتێك سه‌ردان ده‌كات ده‌بێت هه‌موو به‌ڵگه‌كانی بێت بیسه‌لمێنێت خۆیه‌تی، له‌هه‌مان كاتیش‌دا هه‌ر ده په‌نجه‌ی به په‌نجه مۆری ئه‌لیكترۆنی وه‌رده‌گرێن، هه‌روه‌ها وێنه‌ی ئه‌لیكترۆنی ده‌گیرێت كه وێنه‌یه‌كی ژماره‌ییه و بۆ ئه‌وه‌یه كاتێك كارتی ئه‌لیكترۆنی بایۆمه‌تری ده‌ده‌ینه‌وه به ده‌نگده‌ر وێنه‌ی خۆی له‌سه‌ر بێت، ئێمه ئه‌و زانیارییانه‌ی تۆماریان ده‌كه‌ین زانیاریی زۆر وردن و پێویست ده‌كات ده‌نگده‌ر خۆی بۆ تۆماركردن ئاماده بێت".
گوتیشی "ئێستا پێشوازییه‌كی زۆر باش له پڕۆسه‌ی تۆماركردنی بایۆمه‌تری له‌هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌ت له پارێزگای هه‌ولێر هه‌یه، رۆژانه ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌سی زۆر تۆمارده‌كه‌ین و تیمه‌كانمان له به‌یانی سه‌عات هه‌شت تا سێی پاش نیوه‌ڕۆ پێشوازی له‌هاووڵاتییان ده‌كه‌ن. هاووڵاتییان ده‌توانن سه‌ردانی هه‌ر ناوه‌ندێك له‌ناوه‌نده‌كانی ئێمه بكه‌ن بۆ خۆ تۆماركردن، كه‌واته هاووڵاتییان سه‌ردانی ئێمه ده‌كه‌ن ده‌توانن وابه‌سته نه‌بن به تیم یان ناوه‌ندێكی تایبه‌ته‌وه، له هه‌ر شوێن و ناوه‌ندێك ده‌یانه‌وێت ده‌توانن خۆیان تۆمار بكه‌ن و ناویشیان له‌و شوێنانه دێته‌وه كه ده‌یانه‌وێت ده‌نگی لێ بده‌ن".
سه‌باره‌ت به تۆماركردنی ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی تازه ته‌مه‌نییان وای لێكردوون ببن به ده‌نگده‌ری نوێ و ئه‌وان له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2013ی عێراق هێشتا ته‌مه‌نییان بۆ ده‌نگدان ته‌واو نه‌بوو عه‌لی قادر بۆ ئانادۆڵو ئاشكرایكرد "ئێمه له هه‌فته‌ی رابردووه‌وه ده‌ستمان كرد به تۆماركردنی ناوی له‌دایكبووانی ساڵی 2000، له‌دایكبووانی نوێ له‌وانه‌ی كه پێشتر به‌شدارییان نه‌كردووە كه ئه‌وانیش له‌دایكبووانی ساڵانی"2000، 1999، 1998، 1997"، ئه‌مان خوێنی تازه‌ن و پێشتر به‌شداریی هه‌ڵبژاردنییان نه‌كردووه، له‌كاتی تۆماركردنییان كاتی تۆماری ئه‌لیكترۆنییان نییه و پێویست ناكات ده‌ریبكه‌ن، به‌ڵكو فۆرمی خۆراك و به‌ڵگه‌نامه‌ی پێویست كه بیسه‌لمێنێت ئه‌ندامی ئه‌و خێزانه‌یه و ئێمه‌ش رێككاری تۆماركردنییان بۆ ئه‌نجام ده‌ده‌ین".
ده‌رباره‌ی رێژه‌ی خۆتۆماركردن له سیسته‌می بایۆمه‌تری كه سیسته‌مێكی ئه‌لیكترۆنییه و تێیدا ده‌نگده‌ر مۆری هه‌ر ده په‌نجه‌ی وه‌رده‌گیرێت له‌گه‌ڵ وێنه‌ی چاوی و وێنه‌ی گشتی ده‌موچاوی و له سیسته‌مێكدا هه‌ڵده‌گیرێت و ژماره‌ی تایبه‌تی ده‌بێت، عه‌لی قادر رێژه‌كانی خۆتۆماركردنی ئاشكرا كرد و گوتی "له پارێزگای هه‌ولێر رێژه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خۆیان له تۆماری بایۆمه‌تری تۆماركردووه رێژه‌ی 42 له‌سه‌دی ئه‌و كه‌سانه ده‌بێت كه مافی ده‌نگدانییان هه‌یه، هه‌روه‌ها ئه‌و رێژه‌یه له پارێزگای سلێمانی ده‌گاته 37 له‌سه‌د و له‌پارێزگای دهۆك رێژه‌كه 55 له‌سه‌د ده‌بێت، هاوكات له پارێزگای كه‌ركووكیش 52 له‌سه‌د ده‌بێت".
سه‌باره‌ت به كۆتایی پڕۆسه‌كه‌ش گوتی "ئێمه كارده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی مافی ده‌نگدانییان هه‌یه و ناویان له تۆماری سه‌ره‌تایی ئێمه‌دا هه‌یه له پڕۆسه‌ی بایۆمهتر تۆماربكه‌ین، هه‌روه‌ها دروشممان ئه‌وه‌یه له هه‌ولێردا دوا ده‌نگده‌ریش تۆمار بكه‌ین، هه‌وڵده‌ده‌ین به رێككاره‌كانی كۆمیسیۆنیش هیچ ده‌نگده‌رێك نه‌مێنێته‌وه خۆی تۆمار نه‌كردبێت، بۆیه هه‌وڵ ده‌ده‌ین زۆرترین ماوه كاربكه‌ین تا ئه‌و كاته‌ی نزیك ده‌بینه‌وه له هه‌ڵبژاردنه‌كان، چونكه چه‌ند مانگێك پێش ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن پێویسته تۆماركردن رابگرین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانیین ئه‌و كارتانه بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ هاووڵاتییان، واته نزیكه‌ی شه‌ش مانگ پێش واده‌ی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك پێویسته كاری تۆماركردن بۆ هه‌ڵبژاردن رابگیرێت، چونكه ده‌بێت كات بۆ چاپكردن و گێڕانه‌وه‌ی كارته‌كان ته‌رخان بكرێت، بۆیه داوا له هاووڵاتییانی كوردستان ده‌كه‌ین كه به‌زووترین كات سه‌ردانی ناوه‌نده‌كانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن بۆ خۆ تۆماركردن و په‌له بكه‌ن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و تیمانه‌ی ئێمه له چاوه‌ڕوانی نه‌مێنن و ئه‌و رێژه‌یه تۆماربكه‌ن كه پێویسته".
كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له هه‌موو پارێزگاكانی عێراق نووسینگه‌ی هه‌یه و له‌ساڵی پاره‌وه ده‌ستی به تۆماركردن به سیسته‌می نوێی كه به بایۆمه‌تری ده‌ناسێنرێت كردووه، عه‌لی قادر له‌باره‌ی بنكه‌كانی ته‌رخانكراو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته له پارێزگای هه‌ولێر به‌تایبه‌ت بۆ ئانادۆڵو گوتی "به‌ته‌نها له پارێزگای هه‌ولێر له‌نێوان په‌نجا بۆ 60 تیممان كارده‌كات و له‌هه‌وڵدانین بۆ زیادكردنیان، له پارێزگاكانی دیكه‌ی هه‌رێمیش ژماره‌كه له‌و ئاسته نزیكه، ئه‌و بنكانه‌ش ده‌كه‌ونه نزیك داموده‌زگا ره‌سمییه‌كانی حكوومه‌ت وه‌كو قوتابخانه و شوێنه‌كانی دیكه كه نزیكن له هاووڵاتییانه‌وه، ئێمه به‌چه‌ند شێوه‌یه‌ك ده‌نگده‌ران تۆمارده‌كه‌ین، له‌وانه تۆماری تایبه‌ت هه‌یه كه ئه‌مانیش هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، زێرڕهڤانی، پۆلیس، هێزه‌كانی پۆلیسی گۆمرك و ئه‌وانی دیكه‌ش، له‌هه‌مان كاتدا له‌وانه تۆماركردنی بایۆمه‌تریی دیكه‌مان هه‌یه كه تۆماری ئاواره‌كانن ئه‌وانه‌ی له پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراقه‌وه وه‌كو مووسڵ و ئه‌نبار و شوێنه‌كانی دیكه‌وه هاتوون و تۆماریان ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها تۆماری گشتی ده‌نگده‌ران ئه‌وانیش هاووڵاتییان به‌گشتی ده‌گرێته‌وه كه هاووڵاتییانی هه‌رێم ده‌گرێته‌وه، هه‌روه‌ها تۆماری ئه‌و كه‌سانه‌ی پێشتر ئاواره‌بوون و ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستانن و له به‌ڵگه‌نامه‌كانی كۆچ و كۆچبه‌راندا ناویان هه‌یه ئه‌وانیش تۆمارده‌كه‌ین بۆ پارێزگاكانی خۆیان تۆمارده‌كرێن".
له‌مه‌ڕ ئه‌و قسانه‌شی له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كرێت و ئاماده‌كارییه‌كانی كۆمیسیۆن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی هه‌ولێری كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان روونی ده‌كاته‌وه "كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌عێراق ده‌زگایه‌كی هونه‌رییه، له‌رووی هونه‌رییه‌وه ئاماده‌یه ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی وادهكانییان دیاری ده‌كرێت ئه‌نجامیان بدات، فاكته‌ره‌كانی دیكه‌ش كه په‌یوه‌ندیی به‌هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌یه وه‌كو بڕیار و یاسا و شتی دیكه كه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی كۆمیسیۆنه ئه‌وا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت به‌گشتی ئاماده‌بێت هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدات، وه‌كو كۆمیسیۆن ئێمه له‌هه‌مووكات ئاماده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنین و ئاماده‌كارییه‌كی زۆر باش كراوه بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك له‌عێراق، ئاماده‌كارییه‌كانی ئێمه هه‌میشه به‌رده‌وامیی هه‌یه، هه‌موو كات بۆ نوێكردنه‌وه ئاماده‌كاری ده‌كه‌ین".
عه‌لی قادر له درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ ئانادۆڵو هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "له‌م تۆماری بایۆمه‌ترییه كه‌سه‌كه ده‌بێت خۆی سه‌ردانی ناوه‌نده‌كانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات بۆ خۆ تۆماركردن، كاتێك سه‌ردان ده‌كات په‌نجه‌مۆری هه‌ر ده په‌نجه‌ی و وێنه‌ی ئه‌لیكترۆنی ده‌گیرێت، په‌نجه مۆر و وێنه‌ی ئه‌لیكترۆنی هی هیچ كه‌سێك له‌وی دیكه ناچێت، هه‌میشه له‌رووی ئه‌لیكترۆنییه‌وه جیاوازه، هه‌ر كه‌سێك خۆی ئاماده نه‌بێت تۆمارناكرێت، یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ده‌ڵێت یاسای هه‌ڵبژاردن ده‌ڵێت ده‌نگده‌ر ده‌بێت 18 ساڵ ته‌مه‌نی هه‌بێت، عێراقی بێت، هه‌روه‌ها ناوی خۆی لهتۆمارهكانی كۆمیسیۆن به‌و رێككارانه‌ی كۆمیسیۆن دیاریكردوون تۆماركردبێت، كه‌واته ده‌نگده‌ر هه‌ر كاتێك له تۆماری ئێمه خۆی تۆمارنهكردبێت ده‌نگده‌ر نییه و رۆژی ده‌نگدان ناتوانێت ده‌نگ بدات".
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی ساخته‌كاری و كاره‌كانی فرتوفێل كردن له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق، عه‌لی قادر به جهختكردنێكی ته‌واوه‌وه ده‌ڵێت ئه‌گه‌ری ساخته‌كاری زۆر زۆر ئه‌سته‌م بووه، ئه‌و روونی ده‌كاته‌وه" رێكاره‌كانی ئێمه بۆ رێگه‌گرتنه له‌ساخته‌كاری، كۆمیسیۆن توندترین رێگه‌ی بۆ رێگریكردن له ساخته‌كاری گرتووه‌ته به‌ر، ئه‌وه‌ش به پاككردنه‌وه و پوخته‌كردنی تۆمارنامه‌ی ده‌نگده‌ران به رێكاری تۆماری بایۆمه‌تری، هه‌روه‌ها رێكاره‌كان هێنده توندن رێگری ده‌كه‌ن له ئه‌نجامدانی كاری نایاسایی و ساخته".
ده‌شڵێت "هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق 100 له‌سه‌د جیاوازه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو، به‌رێكاری زۆر توندی كۆمیسیۆن به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ده‌نگدان و به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌ی ده‌نگدان و راگه‌یاندنی ئه‌نجام و ئه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان به‌شێوازی نوێ و زۆر تونده، زۆر زۆر ئه‌سته‌م و قورسه ساخته‌كاریی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو به‌و سیسته‌مه بكرێت، ئه‌وه‌شی بیه‌وێت ساخته‌كاری بكات سه‌ركه‌وتوونابێت، هه‌موو حزبێكیش بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسی پێویستی به‌رێژه‌یه‌كی زۆری ده‌نگ هه‌یه و ئه‌وه‌ش به فرت و فێَڵ و ساخته به‌ده‌ست نایه‌ت".
له‌كۆتایی قسه‌كانیدا ناوبراو تیشك ده‌خاته سه‌ر سڕینه‌وه‌ی ناوی مردووان و ئه‌وانه‌ی كه دووجار ناویان تۆماركراوه و روونی ده‌كاته‌وه "له‌م تۆماری بایۆمه‌ترییه ئه‌و كه‌سه‌ی خۆی له ژیاندا نه‌بێت ناتوانێت خۆی تۆماربكات، هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سه‌شی دووجار ناوی خۆی تۆماربكات یان كردبێت، ئه‌وا یه‌كێكیان ده‌سڕیته‌وه به‌پێی سیسته‌مه‌كه خۆی، ئه‌وه‌ی تۆماری ده‌كه‌ین پوخته‌ی ده‌نگده‌رانن، ئه‌وانه‌شی نه‌هاتوون بۆ تۆماركردن به‌شێكیان ئه‌وانه‌ن له مردوون".
news_share_descriptionsubscription_contact

