Enes Canlı
28 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 28 کانوونی دووەم 2023
قودس-AA
لە هێرشێکی چەکدارییدا له رۆژهەڵاتی قودسی داگیرکراو، دوو ئیسرائیلی بریندار بوون کە برینی یەکێکیان سەختە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پۆلیسی ئیسرائیل، لە گەڕەكی سیلوان لە رۆژهەڵاتی قودسی داگیرکراو، هێرشێکی چەکداریی ئەنجام دراوە.
راگەیەندراوه کە هێرشبەرەکە لە چالاکی خراوە و یەکەکانی پۆلیسی پشتیوانیش رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون.
ئەستێرەی سووری داود کە دامەزراوەی فریاگوزاری خێرای ئیسرائیلە ئاماژەی بەوە داوە، لە هێرشەکەدا دوو ئیسرائیلی برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە.
ئاماژە بەوەش کراوە، گەنجێكی ئیسرائیلی تەمەن ٢٢ ساڵان بە سەختی بریندار بووە و بریندارەکەی دیکە کە تەمەنی ٤٥ ساڵە و باوکی گەنجە بریندارەکەیە، دوای فریاگوزاری سەرەتایی لە شوێنی رووداوەکە، گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.
- بانگەشەی ئەوە کرا کە ئەنجامدەری هێرشەکە تەمەنی ١٣ ساڵ بووە
بانگەشەی ئەوە کرا، ئەنجامدەری هێرشەکە کە بە برینداری دەستگیرکراوە، منداڵێکی فەڵەستینی تەمەن ١٣ ساڵ بووە کە مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە قودسی رۆژهەڵاتی هەیە.
ههروهها ئەو چەکەی کە هێرشەکەی پێ ئەنجامدراوە لە شوێنی رووداوەکەدا دەستی بەسەردا گیراوە.
لە لایەکی دیکەوە، دوای ئەو هێرشانەی کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ئەنجامدراون، راگەیەندرا کە پۆلیسی ئیسرائیل بڕیاریدا لە قودس "تیمی ئەمنی هەمیشەیی هەبێت بۆ ئەوەی بەرامبەر بە رووداوە نائاساییەکان دەستبەجێ کاردانەوەیان هەێت".
هەروەها راگەیەندرا کە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل یەکە ئەمنییە جیاوازەکانی لە قودس بەهێز دەکات.
- لە شەوی سەری ساڵەوە تاوەکو ئێستا ٣٠ فەڵەستینی کوژراون
لەو ئاڵۆزییانەی ئەم دواییانە کە لە رۆژهەڵاتی قودس و کەناری رۆژئاوای داگیرکراودا پەرەی سەندووە، ژمارەی قوربانیانی فەڵەستینی زیادیان کردووە.
شەوی هەینی لە ئاکامی هێرشێکی چەکداریی بۆ سەر پەرستگایەکی جوولەکەکان لە نزیک یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە رۆژهەڵاتی قودس، حەوت کەس کوژران و سێ کەسیش برینداربوون.
پۆلیسی ئیسرائیل بڵاویكردهوه، ئەنجامدەری هێرشەکەیان راوەدووناوە کە دوای رووداوەکە به ئۆتۆمبێل له شوێنی رووداوەکه هەڵاتووه و دوابەدوای رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریی توانیوویانە لە چالاکی بخەن.
رۆژێک پێشتریش سوپای ئیسرائیل هەڵیکوتایە سەر کەمپی پەنابەرانی جەنین لە باکووری کەناری رۆژئاوای داگیرکراو، نۆ فەڵەستینی کوشت کە لە نێویاندا ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵیش هەبوو. شایەنی باسە لەو رووداوانەی کە لەکاتی هەڵمەتەکە لە ناوچەکەدا روویاندا، گەنجێکی فەڵەستینی (تەمەن ٢٢ ساڵان) لە شارۆچکەی رام لە قودسی رۆژهەڵاتی داگیرکراو گیانی لەدەستدا.
لە رۆژی سەری ساڵەوە تاوەکو ئێستا لەئەنجامی دەسترێژی گوللەی سەربازانی ئیسرائیل، لانیکەم ٣٠ فەڵەستینی کە لە نێویاندا ژن و منداڵیش هەن، لە رۆژهەڵاتی قودس و کەناری رۆژئاوای داگیرکراو گیانیان لەدەستداوە.