Utku Şimşek
24 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2024
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، بڵاویکردەوە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لە ناوخۆی وڵات و دەرەوەی سنوورەکان بە باکووری عێراق و سووریاوە ئەنجامدراون، ٤١ تیرۆریست لە چالاکی خراون.
ڕاوێژکاری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە بینای وەزارەتەکە، ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی کرد کە دوێنێ کرایە سەر دامەزراوەکانی TUSAŞ لە قەهرەمانکازان لە ئەنقەرە، داوای لێخۆشبوونی لە خودا بۆ شەهیدەکان کرد و، شیفای بەپەلەشی بۆ بریندارەکان خواست.
ئاکتورک باسی لەوە کرد کە هەڵمەتەکان دژ بە تەواوی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی لەسەر ئایندەی وڵات و ئاسایشی گەل هەن پێداگرانە بەردەوام دەبن و، تیرۆریستان باجی هێرشەکەیان دەدەن و، ڕایگەیاند: "لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ٤١ تیرۆریستی دیکە لە چالاکی خراون کە ١٤یان لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی ڕۆژانی ١٨-٢١ی تشرینی یەکەمدا لە ناوچەکانی خواکورک و گارا لە چالاکی خراون".
هەروەها ئاکتورک باسی لەوە کرد کە ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی لە یەکی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە تا ئەمڕۆ لەچالاکی خراون گەیشتووەتە دوو هەزار و ٢٣٥ تیرۆریست، لەوانەیش هەزار و ١٧١یان لە باکووری عێراق و هەزار و ٦٤یان لە باکووری سووریا بوون.
زەکی ئاکتورک ئاماژەی بەوە هێرشە ئاسمانییانە کرد کە دوێنێ ئەنجامدراون و، ڕایگەیاند: ''لەو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییانەی لە دوێنێ ئێوارەوە تا بەیانی ئەمڕۆ کراونەتە سەر ئامانجەکانی تیرۆر لە باکووری عێراق و سووریا ٤٧ ئامانج کە پێکهاتبوون لە ئەشکەوت، حەشارگە، پەناگە و کۆگا لەناوبران کە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز بەکارهێنراون و پێدەچێت تیرۆریستانی بەناو بەرپرسی باڵایان لەناودابووبێت. لەو ئۆپەراسیۆنانەدا بەشێوەیەکی بەرچاو تەقەمەنی ناوخۆیی و نیشتمانیی بەکارهێندراوە و ژمارەیەکی زۆر تیرۆریست لەچالاکی خران. ئۆپەراسیۆنەکان درێژەیان دەبێت''.