Muhammet Ali Kemal
20 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2017
لەهەفەتی یەکەمی مانگی شوباتدا راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ سەردانی تورکیا دەکات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەسەرچاوە دیپلۆماسییەکانەوە دەستکەوتوون، پرسی چارەسەری قەیرانی پەنابەران، کێشە هەرێمایەتییەکان، هاریکاریی لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا و بابەتە ئابوورییەکان، گرنگترین تەوەرەکانی بەرنامەی کاری سەردانەکەی مێرکڵ دەبێت.
وا بڕیارە مێرکڵ کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی لەگەڵ سەرۆکوەزانی تورکیا، بینالی یڵدرم ئەنجام بدات و دوای ئەوەش شاندنی هەردوو وڵات کۆببنەوە.
چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیا لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ـیش کۆبێتەوە.
ئەنگێلا مێرکڵ کە پیشبینی دەکرێت لەهەڵبژاردنە گشتییەکانی مانگی ئەیلوولی داهاتووی وڵاتەکەیدا بۆ جاری چوارەم پۆستی راوێژکاری ئەو وڵاتە بگرێتەوە دەست، لەنێو ئەو بابەتانەدا کە لەتورکیا لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا تاوتوێی دەکات، گرنترینیان هاریکارییە لە چارەسەرکردنی قەیرانی پەنابەراندا.
مێرکڵ لەساڵی 2015دا بەهۆی هاتنی 890 هەزار پەنابەرەوە بۆ وڵاتەکەی تووشی دۆخێکی نەویستراو لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا بوویەوە و دوای ئەوەش کە رێککەوتننامەکەی تورکیا لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپادا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و شەپۆلی پەنابەران بەهۆیەوە وەستێنرا، هەلومەرجی سیاسیی ناوبراو رووی لەباشی کردبوو.
سەرەڕای ئەو رەخنە چڕوپڕانەی کە ئاراستەی دەکرێت، راوێژکاری ئەڵمانیا بەرگریی لەکردنەوەی دەروازەکان بەڕووی پەنابەراندا کردووەتەوە و پێی وابووە بەهاریکاریی تورکیا ئەو قەیرانە دەتوانرێت چارەسەربکرێت، لەئێستاشدا و بەرلە وادەی هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئەو وڵاتە، مێرکڵ دەیەوێت سەرکەوتوویی سیاسەتەکانی نیشانی رای گشتیی ئەڵمانیا بدات.