Heman Hussein Yaseen
28 تشرینی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2024
هەولێر - AA
ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێم بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی كوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی پێشوازیی لە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، ئیڤێت کووپەر کرد.
ئاماژە بەوەکراوە کە لە کۆبوونەوەیەکدا پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و ھەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچکردنی نایاسایی تاوتوێ کرا.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، پیرۆزبایی سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە سەرۆکوەزیران کرد و بە ھەڵبژاردنێکی سەرکەوتووی ناوبرد.
تیشکخراوەتە سەر ئەوەش کە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ئاماژەی بە پێگەی بەھێزی ھەرێمی کوردستان دا، وەک ھاوبەشێکی گرنگ و ستراتیژیی وڵاتەکەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان.
بەپێی بەشێکی ھەواڵەکە، سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، مەسرور بارزانی سوپاس و پێزانینی ھەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانی و ھاریکاریی شانشینی یەکگرتوو دەربڕی و خواستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ بەھێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە ھەموو بوارەکاندا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەش دووپاتکردەوە.
ئەوەش ھاتووە کە ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر گرنگیی برەودان بە ھاریکاری و ھاوئاھەنگیی ھاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی، تاوانی ڕێکخراو و بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر.
لە بەشێکی دیکەی ھەواڵەکەدا ھاتووە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، بیروڕا لەبارەی چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێم لە بوارەکانی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و سیستەمی بانکی و بەتایبەتی پڕۆژەی (ھەژماری من) ئاڵوگۆڕ کرا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێوارەی دوێنێ، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، ئیڤێت کووپەر گەیشتە ھەولێر و لەگەڵ سەرۆکی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە و باسیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێم لەگەڵ بەریتانیا و ھاریکاریی ھاوبەش لە ھەموو بوارەکاندا کرد.