Heman Hussein Yaseen
22 نیسان 2024•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2024
ھەولێر - AA
دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەردانێک گەیشتە ھەولێر و لەلایەن سەرۆکی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیرانی ھەرێم مەسرور بارزانی پێشوازی لێکرا، دواتر لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی کۆبووەوە.
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرکۆمار ئەردۆغان بڵاوکردەوە.
مەسعود بارزانی لە پەیامەکەیدا نوسیوویەتی: "خۆشحاڵبووین ئەمڕۆ لە کوردستان پێشوازیمان لە سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان کرد و تیاییدا گفتوگۆمان لەبارەی بەدواداچوونی ڕێگاکانی ھاوکاری بۆ بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و تورکیا کرد".
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرکۆماری تورکیا، ئەردۆغان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی پێشوازی لێکرا و، دوای چەند کۆبوونەوەیەک، ئێوارەی ئەمڕۆ ئەردۆغان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و کەمێک پێش ئێستاش کۆبوونەوەکانی لە ھەولێر کۆتاییھات.