Zana Natık Kerem
13 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2023
ھەولێر – AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران
لەمبارەیەوە میدیای ئێران بڵاویکردەوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن بەسەردانێکی فەرمی گەیشتووەتە تاران و لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان پێشوازیی لێکراوە.
چاوەڕوان دەکرێت وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە سەردانەکەی بۆ تاران، ڕێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان ھەردوو وڵات لەگەڵ بەرپرسی ئێران تاوتوێ بکات.
دوێنێ سێشەممە، فوئاد حوسێن ڕایگەیاند کە بۆ تاووتوێکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنی نێوان ھەردوو وڵات لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، سەردانی تاران دەکات و ئاماژەی بەوەیشدابوو کە عێراق پابەندە بەو ڕێککەوتننامە ئەمنییەی کە لەگەڵ ئێران واژووی کردووە.
- ڕێککەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران
لە ١٩ی ئاداری ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنیی ھاوبەش لەنێوان عێراق و ئێران واژوو کرا کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی بە نوێنەرایەتیی عێراق و سکرتێری گشتیی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، عەلی شەمخانی بە نوێنەرایەتیی ئێران واژوویان کرد.
ڕێککەوتننامە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران سێ بڕگە لەخۆدەگرێت کە بریتین لە:
ــ ڕێگریکردن لە دزەکردنی چەکداران ئەوەیش دوای بڵاوکردنەوەی پاسەوانی سنوور
ــ ڕادەستکردنی داواکراوان کە بەپێی یاسا فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە و مەبەست لێی سەرکردەی ئەو حیزبانەن (حزبە دژبەرە کوردەکانی ئێران)
ــ چەکداماڵین و گواستنەوەیان بۆ کەمپەکان (کە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆیان دابین دەکرێت) و لەگەڵ داخستنی سەربازگەکان.
لە ٢٨ی مانگی ئابدا، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی ڕایگەیاندبوو"عێراق پابەندبوونەکانی خۆی بە ڕێککەوتننامە ئەمنییەکەی لەگەڵ ئێران جێبەجێ کردووە.