Aykut Yılmaz,Ertuğrul Subaşı
31 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2023
پەرلەمانی تورکیا-AA
لە پەرلەمانی تورکیا پرۆتۆکۆڵی ئەندامێتیی فینلاند لە ناتۆ پەسەند کرا.
پەرلەمانتاری ئیی پارتی، ئەحمەد کامیل ئەرۆزان، دەربارەی ئەندامێتی فینلاند لە ناتۆ ئەوەی خستەڕوو کە دوابەدوای هێرشەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، هەریەک لە سوید و فینلاند دەستیان کردووە بە گەڕان بەدوای بەندەرێکی ئارامدا.
ئەرۆزان جەختی لەوەش کردەوە کە رێکاری جیاواز هەبووە بۆ بوونە ئەندامی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆدا، فینلاند توانیوویەتی زووتر گەل و پەرلەمانی تورکیا بەم ئەندامێتییە رازی بکات.
بەهەمان شێوە پەرلەمانتاری هەدەپە، هیشیار ئۆزسۆی ئەوەی خستەڕوو کە دوای هێرشەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، ناتۆ زیاتر لە هەموو کاتێک فراوان بوون و زیادبوونی هەژموونی بەخۆوەبینیوە.
لەلایەکی دیکەش پەرلەمانتاری جەهەپە، ئەحمەد ئوناڵ چەڤیزکۆز، باسی لەوە کرد کە تورکیا دۆسیەی بە ئەندامبوونی سوید و فینلاندی لە ناتۆ جیاکردووەتەوە و رایگەیاند: "هیوادارم لەڕێی ئەم جیاکارییەوە گەلی سویدمان لە خۆمان دوور نەخستبێتەوە".
- "بەداخەوە بەرپرسانی سوید هێواش بوون لە هەنگاونان"
هەروەها پەرلەمانتاری ئاک پارتی، عاکیف چاغاتای کڵچ ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە سوید و فینلاند پێکەوە لە ١٨ی ئاداری ٢٠٢٢دا داوای بوونە ئەندامیان لە ناتۆ کردووە و بەر لە لووتکەی ناتۆ لە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا رێککەوتننامەی سێقۆڵییان لەگەڵ تورکیا واژوو کردووە.
کڵچ باسی لەوەش کرد کە لەم چوارچێوەیەدا پێویستە سوید و فینلاند ئەرکی خۆیان لە چوارچێوەی رێککەوتننامەکەدا جێبەجێ بکەن و رێز لە هەستیاری ئەمنییە رەواکانی تورکیا بەرامبەر پرسی ئاسایشی وڵاتەکە بگرن. ئاماژەی بەوەشدا کە فینلاند دەربارەی ئەو داواکارییانەی هەنگاوی کرداریی گرتەبەر ئەمەش هاندەربوو بۆ ئەوەی پەرلەمانی تورکیا بڕیاری پەسەندکردنی ئەندامێتییەکەی بدات.
دوای پەسەند کردنی پڕۆژەیاسای ئەندامێتی فینلاند، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، حەیدەر ئاکار رایگەیاند: "ئێمە وەک پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی، پیرۆزبایی لە فینلاند و گەلەکەی دەکەین".