Gamze Türkoğlu Oğuz
12 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2018
ئەنقەرە-AA
جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پێنس رایگەیاند کە بەرەوپێشچوونی باشیان تۆمار کردووە لەبارەی کرانەوەی دیپلۆماسی نوێ بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی چاوپێککەوتنەکان بە بێ مەرجی پێشوەختە لەگەڵ ئیدارەی پیۆنگیانگ.
بە پێی هەواڵێکی واشنتۆن پۆست، مایک پێنس کە بۆ یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی زستانە سەردانی کۆریای باشووری کردووە، لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باشوور، مون جای ئین لەسەر دوو پرسی گرنگ کۆبوونەتەوە.
مایک پێنس لە میانی گەڕانەوەی لەناو فڕۆکەدا لێدوانی بۆ پەیامنێری رۆژنامەکە داوە و ئاماژەی بەوەداوە کە لە کۆبوونەوە دووقۆڵیەکەدا لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باشوور گەیشتوونەتە یەک بیروبۆچوون لەبارەی پەیوەندی زیاتر لەگەڵ کۆریای باکوور.
ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە کە کرانەوەی نوێی دیپلۆماسی بە واتای کۆتاییهێنان بە سزا توندەکانی سەر رژێمی کیم جۆنگ ئون نایەت تا ئەو کاتەی هەنگاوی روون دەنرێت بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمی، بەڵام کاتێک ئەم باجانە دەدرێت، هاوکات پێشنیاز کراوە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن.