فەرماندەی هێزەكانی حەشدی نیشتمانی لە پارێزگای نەینەوا ئەسیل نوجێفی، وردەكاریی ئۆپەراسیۆنی (وبشر الصابرین-ی یەکەمی) راگەیاند كە دوێنێ كۆنترۆڵكردنەوەی هەردوو گوندی باریمە و خورسباد بەدووری 14 كیلۆمەتر لە مووسڵ لێكەوتەوە، نوجێفی لەوبارەیەوە رۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە و توركیا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیشی بەرزنرخاند و گوتی: "داوامان لە هاوپەیمانیتی ئیسلامی كردووە بۆ رزگاركردنی نەینەوا هاوكارییمان بكەن".
نوجێفی بەدووری زانی هێزەكانی حەشدی شەعبی بەشداریی لەگرتنەوەی مووسڵدا بكات و دەڵێت شێوازی نوێی هێرشكردنە سەر داعش دەگرنە بەر.
فەرماندەی هێزەكانی حەشدی نیشتمانی و سەرۆكی ئیئتیلافی موتەحیدون بۆ چاكسازی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەسیل نوجێفی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا لە بارەگای خۆی لە شاری هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە لەبارەی هێرشەكانی دوێنێی حەشدی نیشتمانی لە نزیك مووسڵ و دواین پێشهاتەكانی ئۆپەراسیۆنەكانی رزگاركردنی نەینەواوە زانیاریی نوێی دركاند.
لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا نوجێفی كە پارێزگای پێشووی نەینەواشە لەبارەی هێرشەكەی دوێنێ دووشەممەی هێزەكانی حەشدی نیشتمانی بەهاوكاری هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی توركیا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییەوە قسەی كرد و گوتی: "دوێنی هێزەكانی حەشدی نیشتمانی سەرباری هەموو دژایەتییەكان و شكست پێهێنانی توانی ئەوە بۆ دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا بكاتە دیاری كە توانیویەتی ببێتە هێزێكی دیار و كاریگەر و خەڵكی نەینەوا ئومێدێكی راستەقینەیان لەلا دروست بووە كە رزگاركردنی پارێزگاكەیان لە كاتێكی نزیكدا بووەتە راستی.
گوتیشی" دوێنێ بە پشتیوانی خوا ئۆپەراسیۆنی (وبشر الصالحین)ی یەكەم، سەركردایەتی حەشدی نیشتمانی بۆ رزگاركردنی نەینەوا و هێزەكانی پێشمەرگە و سەركردایەتی هێزەكانی هاوپەیمانان كە خۆی لە هێزەكانی توركیا و ئەمریكا دەبینێتەوە پلانەكەیان داڕشت، كاتژمێر چوار و 30ی بەرەبەیانی لە 18ی نیسان هێزێكی حەشدی نیشتمانی لە ئاستی نهێنی"هێزی تایبەت" هەستان بە هێرشكردنە سەر ئامانجەكانییان لە گوندەكانی ناوەران و باریمە، كاتژمێر شەش هێزی هێرشبەر توانی بە كاتێكی پێوانەیی ئامانجەكانی بپێكێت، دەست بەسەر چەك و تەقەمەنی چەكدارانی داعشدا گیرا پاش پشكنینی هەردوو گوندەكە و هەڵاتنی داعش لێیان، لە كاتژمێر 9:30 بەیانی لەلایەن چەكداران لە دەورووبەری گوندی باریمە و خۆرسباد هێرشكرایە سەر هێزەكانمان و لەلایەن پاڵەوانەكانی حەشدی نیشتمانی وەڵام درانەوە و سەرچاوەی هێرشەكانیش وێران كران، پاڵپشتیی ئاسمانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و پشتیوانی بۆمبهاوێژەكانی هێزەكانی توركیا و هێزەكانی پێشمەرگە رۆڵی گەورەیان هەبوو لە بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەكان، رۆژی دواتر هێزی هێرشكەر گەڕایەوە بۆ شوێنی كۆبوونەوە و دواتر سەبازگەی حەشدی نیشتمانی، دوای بەجێ گەیاندنی هێرشەكە بەسەركەوتووی، ئۆپەراسیۆنەكە كوشتنی شەش داعش و برینداربوونی دوو سەربازی حەشدی نیشتمانی لێ كەوتەوە".
فەرماندەی حەشدی نیشتمانی لەدرێژەی قسەكانیدا وردەكاریی دیكەشی خستە روو و روونی كردەوە "هەواڵگریی سەربازیی هێزەكانمان زۆر تەواو و باش بوو، هەروەها نهێنی تەواو لە هێرشەكەدا هەبوو، مەشق و توانای تەواوی هێزەكانمان سەلماندی دەتوانن بگەنە ئامانجە دیاریكراوەكان، ئۆپەراسیۆنەكە ئەوەی سەلماند كە سەربازەكانمان لە رۆڵەكانی نەینەوا زۆر ئامادەن بۆ رزگاركردنی پارێزگاكەیان و هەروەها لایەنەكان لە حەشدی نیشتمانی و هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی توركیا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی زۆر باش و گونجاو بووە و ئەوەش هێز بە حەشدی نیشتمانی دەبەخشێت".
لە درێژەی قسەكانیدا ئەسیل نوجێفی گوتی: "حەشدی نیشتمانی سەلماندی كە هیچ هێرشێك ناكرێتە سەر موڵكی هاووڵاتییان و بە پێچەوانەوە دەیپارێزێت لەكاتی هێرشەكانیدا". ئەوەشی گوت "سەنتەری هەماهەنگیی هاوبەش كە وەزارەتی بەرگریی تێدایە لە پرۆسەكە ئاگادار بوو و هەر پێشوەچوونێك هەبایە لێی ئاگادار دەكرایەوە".
هەروەها باسی لە گرنگیی ئەو شوێنانە كرد كە رزگاركراون و گوتی: "بەپێی رێككەوتن هەموو هێزەكان پێیان باش بوو هێرشەكە خودی هێزەكانی حەشدی نیشتمانی بیكەن وەكو ئەزموونێك، ئەوانیش پاڵپشت بوون. هەردوو گوندەكەش 14 كیلۆمەتر لە گەڕەكی فەلاح لە مووسڵ دوورە و ئەوەیش نزیكترین شوێنە لە داعشەوە شەڕی تیا بكرێت و داعش هەڵسا بە دانانی شوێنی بەرنگاربوونەوە و وایان زانی هێرشەكە بۆ گرتنەوەی مووسڵ دەبێت".
سەبارەت بە ناكۆكییە سیاسییەكانی عێراق و كاریگەریی لەسەر رزگاركردنی مووسڵ نوجێفی گوتی: "ئێمە لەسەر ناكۆكییە سیاسییەكان راهاتووین، مامەڵەشمان لەگەڵ كردووە وەكو ئەوەی بەردەوام هەبێت، ناكۆكییەكان كاریگەریی لەسەر ئێمە نابێت لە شەڕی مووسڵ و ئەو هێزانەشی مامەڵەیان لەگەڵ دەكەین لەنێوان ئێمە و ئەوان لێكتێگەیشتنی ستراتیجیمان لەنێواندا هەیە، وەزارەتی بەرگرییش مامەڵەمان لەگەڵ دەكات بەپێی توانا، ئەو كردەیە دەستی پێكردووە و تەواو نەبووە، كردەی دیكەشی بەدوادادێت، بەڵام رەنگە شوێنی هێرش و شێوازەكەش جیاواز بێت.
سەبارەت بە حەشدی شەعبی و ئەگەری بەشداریپێكردنی لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵ ناوبراو گوتی: "باوەڕناكەم بەشدار ببن و باوەڕناكەم توانای هەبێت بەشداریی بكات و بێت بۆ مووسڵ، حەشدی شەعبی 180 كیلۆمەتر دوورە لە مووسڵەوە و لۆجیكی نییە باس لە بەشداریی ئەوان بكەین كە ئەو هێزە لێیەوە دوورن، حەشدی نیشتمانی خۆی ئامادەدەكات بۆ ئەوەی ببێتە هێزی سەرەكی لە رزگاركردن و دواتر گرتنی خاك لە دوای رزگاركردن.
لە وەڵامی پرسیارێكی ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی داواكارییان لە هاوپەیمانی ئیسلامی لە پڕچەككردنی هێزەكانییان و رۆڵی هێزەكانی توركیا لە شەڕەكەی دوێنێیدا ئەسیل نوجێفی گوتی: " ئێمە داوا لە هاوپەیمانێتی ئیسلامی دەكەین بۆ ئەوەی هاوكارییمان بكەن و ئەوە شتێكی نوێ نییە، هەروەها توركیا لە رێگەی بەشداریی و پاڵپشتییكردنی لەو ئۆپەراسیۆنەكە دەریخست توانای وایە كە ئۆپەراسیۆنەكە زۆر باش و بێ زیان دەربچێت و گوندەكان نەڕوخێن و بپارێزرێن و ئەوەش زۆر گرنگە، بۆیە دەڵێین دەمانەوێت رۆڵی هێزەكانی توركیا و پێشمەرگە و هێزەكانی ئەمریكا كاریگەر بێت و بەشدارییمان بكەن لە ئۆپەراسیۆنەكاندا".
رەخنەشی گرت لەوەی كە حكوومەتی خۆجێیی نەینەوا بتوانێت شتێك پێشكەش بكات و بە بێ توانا ناوی برد، گوتیشی: "ئومێدمان پێی بڕاوە". باسی لەوەش كرد كە دەیانەوێت جۆرە هێرشێكی سەربازی بگرنە بەر لە هێرشەكانییاندا كە موڵكی هاووڵاتییان تێیدا بپارێزرێت و نەبێتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتری هاووڵاتییان.
news_share_descriptionsubscription_contact

