Heman Hussein Yaseen Yaseen
10 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2019
ھەولێر - AA
دوای کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کە بە مەبەستی دیاریکردنی ئەندامان و سەرۆکی لیژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، تیایدا هەریەک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بەجیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجام دا.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ئومێد خۆشناو گوتی: "ئەمڕۆ دوایین کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان بوو بۆ ئامادەکاری دابەشکردنی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیار وایە رۆژی سێشەممەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و، بەپێی بەرکەوتەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان دابەشکارییەکان دەکرێت و قۆناغی دووەم گفتوگۆی نێوان فراکسیۆنەکان دەست پێ دەکات".
ئومێد خۆشناو گوتیشی: "ئێمە وەکو پارتی ٤٥ ئەنداممان هەیە واتا دەبێت ٩٠ نوێنەرمان لە لیژنەکاندا هەبێت، بەڵام بە هۆی بەرکەوتی هەڵبژاردن و بۆجێکردنەوەی پەرلەمانتاران بۆ لیژنەکان، ئێمە ٦٥ ئەنداممان دەبێت".
لەبارەی بەشداریکردنی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەی سێشەممەی داهاتوو، ئومێد خۆشناو گوتی: "ئەمڕۆ فراکسیۆنی یەکێتیی بەشداری کۆبوونەوەیان کرد و چاوەڕوان دەکرێت رۆژی سێشەممەش بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بکەن".
دواتر پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، رێواز فایەق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بێ پرسیاریدا گوتی: "لەبەر ئەوەی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت لە ١٥ی سێ هەموو لیژنە هەمیشەییەکان پێکهاتبن و هەر ئەندامێک بە ناچاری دەبێت لە یەکێک لە لیژنەکان ئەندام بێت، فراکسیۆنی یەکێتی بۆ پابەندبوون بە پەیڕەوی ناوخۆ، ئەمڕۆ ئەندامەکانمان پێشکەش بە سەرۆکایەتی کرد".
لیژنه ههمیشهییهكانی پهرلهمانی کوردستان بریتین لە لیژنەکانی؛ كاروباری یاسایی، دارایی و كاروباری ئابووری، پێشمهرگه و ناوخۆ، كشتوكاڵ و ئاودێری، پهروهرده و خوێندنی باڵا، كاروباری تهندروستی و ژینگه، شههیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسیی، پهیوهندییهكان و رهوهندی كوردستانی، ناوچه كوردستانییهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێم، وزە و سامانه سروشتییهكان و پیشهسازی و بارزگانی، شارهوانی و گواستنهوه و گهیاندن و گهشتوگوزار، ئاوهدانكردنهوه و وهبهرهێنان، رۆشنبیری و كۆمهڵگای مهدهنی و وهرزش و لاوان، دهستپاكی و كاروباری پهرلهمان و سكاڵا، ئهوقاف و كاروباری ئایینی و لیژنهی كاروباری كۆمهڵایهتی و داكۆكیكردن له مافی ئافرهت.