Sarmand Hameed
29 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 30 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش پەلاماری سەنگەرەکانی پێشمەرگەیان داوە لە سنووری کفری و بەهۆیە پێشمەرگەیەک شەهید و سی پێشمەرگەی دیکە برینداربوون.
لەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "ئەمشەو ۲۹ی ۱۱ی ۲۰۲۱ کاتژمێر ۲۲،۰٥ ی شەو، جارێکی تر، تیرۆریستانی داعش، هێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانی فەوجی ۲ی لیوای ۹ ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە لەسنووری کفری".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لە ئەنجامی بەرگرییەکی کەم وێنەی هێزەکانمان لەو سنوورە، بەخوێنی ئاڵی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەک و برینداربوونی سێ پێشمەرگەی تر، هێرشە تیرۆریستیەکە تێکشکێنرا".
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە ئێستاشدا هێزەکانی پێشمەرگە لە راوەدوونانی تیرۆریستان بەردەوامن.
ئەم پەلامارەی تیرۆریستانی داعش بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە بە سێیەم پەلاماری هاوشێوە دێت کە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا لە سنووری گەرمیان بکرێتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە.