Hemin Othman Mohammed
17 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2026
دروستکردنی کڵاشی هەورامی کە بەرهەمێکی ڕەسەنی ناوچەی هەورامانە، یەکێکە لەو بەرهەمە هونەرییانەی لەم ناوچەیەدا پەرەی پێدراوە و تا ئێستاش بەردەوامە. بەڵام بەپێی بارودۆخ و ڕۆژگار ئەم کارە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. ئێستا بەهۆی بەرزیی تێچووی لە ناوخۆدا و کەمیی نرخەکەی لە بازاڕدا و هاورده كردنهوه، چیدیكه لە پارێزگای سلێمانی دروست ناکرێت و زیاتر لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت.
فاخر حهمه شهریف (٥٢ ساڵ) كه دانیشتوی قهزای خورماڵه و ٢٦ ساڵە پیشەی کڵاشچنین و کڵاشفرۆشتنە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دووا و باسی لەوە کرد کە لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ەوە سەرقاڵی دروست كردن و بهرههمهینانی کڵاشە.
فاخر ڕایگەیاند: '"ساڵی ٢٠٠٠ دەستم کرد بە دروست کردنی کڵاش، خۆم ژێرەکەیم دروست دەکرد. ئەو کاتە خەڵکێکی زۆر کڵاشیان بۆ دەچنیم لە ناوچەکە، لە خورماڵ و ئەحمەد ئاوا نزیکەی ٤٠٠ کەس کاریان بۆ دەکردم، ماڵی وا هەبوو چوار کەسیان کڵاشیان بۆ دەچنیم. یەکێک دەورەکەی دەچنی، یەکێک سەراچنی، نزیکەی سێ کەسی دەویست تا کڵاشێک تەواو دروست دەکرا. ئێستا لێرە هیچ کەسێک کڵاشمان بۆ ناچنێت، چونکە بۆی دەرناهێنێت. لەبەرئەوە لە ئێرانەوە بۆمان دێت''.

وەستایەکی دیکەی ئەم پیشەیە بە ناوی کەیوان مەعروف تەوێڵەیی کە ناسراوە بە کەیوان هەورامی (٥٠ ساڵ)، وەک خۆی باسی دەکات لە ساڵی ١٩٩٤ەوە تا ئێستا سەرقاڵی چنینی کڵاشە، باسی لە دەستپێکردنی کارەکەی کرد و ڕایگەیاند: ''من باپیرم فێری کردم، پاشان لەبەردەستی باوکمدا کارم کردووە، ئێستا سوپاس بۆ خودا چەندین جۆر کڵاش دروست دەکەم لەسەر داوای کڕیار. لە هەردوو خانەوادەی باوکم و دایکیشم کە هەردوولایان وەستای کڵاش چینین بوون، ئێستا تەنیا من کاری کڵاش چنین دەکەم لەبەرئەوەی کارێکی قورس و گرانە، بەڵام من لەگەڵی ڕاهاتووم و هەست دەکەم ئەگەر ئەم کارە نەکەم و ئیشێکی دیکە بکەم زیانم پێ دەگات، سەرەڕای ئەوەی کڵاش بە زەحمەتێکی زۆر بەرهەم دێت بەڵام ئەمڕۆ ئەو نرخە ناکات، ئەگەر بارودۆخ بەم شێوەیە بێت بەرهەمی دەستی ناڕوات''.
کەیوان باسی زەحمەتییەکانی دروستکردنی كڵاش کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە لە ڕابردوودا خەڵک بەهۆی پتەوییەکەیەوە کڵاشیان لەپێ دەکرد، بەڵام لە ئێستادا زیاتر لەبەر جوانییەکەی دەکڕدرێت.

گوتیشی: "هەر کڵاشێک بە ٤-٥ وەستا ئینجا تەواو دەبێت و، نزیکەی هەشت ڕۆژ دێتە بەرهەم، ئەویش ئەگەر کەرەستەکانی ئامادەبن. لەبەرئەوەی وردەکارییە. چونکە کڵاش هەم هونەرە هەم کاری دەستیە، چونکە هەموو کەس شارەزایی تێدا نییە، هەربەشەو وەستایەک دروستی دهكات، تەنیا ژێرەکەی دوو وەستای دەوێت، وەستایەکی پێکەنە و وەستایەکی ژێرەکە، پاشان کڵاش چنینەکەش دوو وەستای دەوێت. وەستایەکی دەور و وەستایەکی سەر، ئەمانە کاری بەکۆمەڵن، بەیەکەوە کڵاشەکە دروست دەکەن. کەسێکیش کاری کۆکردنەوە و بەرهەمهێنانی کڵاشەکە دەکات، واتا تەواوی کەرەستەکان دەکڕێت، ئەوانەی کڵاشەکە دەچنن توانای ئەوەیان نییە کڵاشێکی زۆر دروست بکەن و دواتر بیفرۆشن''.
سەبارەت بە جیاوازییەکانی کڵاشچنین لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا، کەیوان ئاماژەی بەوە کرد کە پێشتر کڕیارەکان خۆیان دەگەڕان و کڵاشیان لە ماڵەوە دەکڕی بەبێ ئەوەی پێویست بە نمایشکردنی بکات، بەڵام ئێستا گۆڕانکاری بەسەر ئەم دۆخەدا هاتووە، و گوتی: ''چەندین ساڵە لە سلێمانی دووکاندارم، پێشتریش لە ماڵەوە کارمان دەکرد. خەڵک دەهاتە ماڵەوە کڵاشەکەی لێدەکڕیت، پێویست نەبوو نمایشی بکەیت و بیفرۆشیت. خەڵک خۆی دەگەڕا دەیوت فڵان کەس وەستایە لە فلان ماڵ و گەڕەک. لە تەوێڵە، بیارە, خورماڵ و هەڵەبجە وەستامان زۆر بوو، بەڵام ئێستا لە سڵێمانیدا یەک وەستا کڵاش چنینمان هەیە. لە هەڵەبجە یەک دوو وەستای دروست کردنی ژێر کڵاشمان هەیە. لە تەوێڵە و بیارە ئێستا کەس ئەو کارە ناکات''.

کەیوان هۆکاری هاوردەکردنی کڵاشی لە ناوچەکانی دەوروبەرەوە بۆ سەرچاوە ئابوورییەکان گەڕاندەوە و گوتی: ''ئێستا بەرهەمی کڵاشمان لە هەورامانی تەختەوە بۆ دێت. خەڵکی ئەوێ هەموو لە جێی خۆیان ماونەتەوە و کارە دەستییەکان تیایاندا وەک خۆی ماوەتەوە. هەروەها بەهۆی ئەوەی ئێستا پارەکەی ئەوان کەم قیمەتە نرخەکەی دابەزیوە و پارەی ئێمە بەرزە، لەبەرئەوە بەرهەمەکانی کڵاش هەناردەی ئێرەی دەکەن، نرخەکەی لای ئێمە باشترە''.
کەیوان بە نیگەرانییەوە ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی کەمیی داهات و تێچووی زۆری کات و وزەی مرۆیی لە ناوخۆدا، زۆربەی وەستاکان ناچار بوون دەست لەم کارە هەڵبگرن، و گوتی: ''لەبەرئەوەی بەرهەمی دەستی وزەی مرۆڤەکانە، پارەیەکی کەم دەخەیتە ئیشێکەوە، بەڵام توانای مرۆیی کەسەکەی زیاتر دەوێت، ئەمە تێچووی کەمە بەڵام زەحمەتی زۆرە. لەبەرئەوەی نرخی زۆر ناکەن کاتێک پارەکە بەش دەکەین زۆر کەممان بۆ دەمنێتەوە، لەبەرئەوە لێرە وازهێنراوه لە بەرهەمهێنانی، زیاتر بووینەتە بەکاربەر. بەهۆی وەستانی بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی و هێنانی کاڵا لە دەرەوە خەڵکی ناوخۆ هەژار دەکەون، چونکە بێکار دەمێننەوە''.
