Zana Natık Kerem
01 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، شەش تیرۆریست لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیركراون كە یەكێكیان ئافرەتە.
لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوی كردەوە كە هێزەكانی ئاژانسی هەواڵگریی لە وەزارەتی ناوخۆ، بەپێی ماددەی چواری تیرۆر، شەش تیرۆریستیان بەتۆمەتی ئەندامبوون لە رێكخراوی تیرۆریستی داعش كە یەكێكیان ئافرەتە لە ژمارەیەك ناوچەی پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیركردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە ئەو شەش تیرۆریستە، دوای پێكهێنانی تیمێكی شارەزا و چاودێركردنیان لە میانی بۆسەیەكدا دەستگیركراون.
ئاماژە بەوەیش دراوە كە ئەو شەش دەستگیركراوە لە میانی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكان لە پارێزگای سەڵاحەددین هەڵاتبوون.
راگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ باسی لەوەیش كردووە كە ئەو دەستگیركراوانە بە ئامانجی تەواوكردنی رێوشوێنی یاسایی، دەست بەسەركراون.