03 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 03 مای,س 2020
دیالە ــ AA
ئەفسەرێك لە پۆلیسی دیالە رایگەیاند كە لە ئاكامی پەلامارێكی چەكداری و تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو، دوو كارمەندی ئەمنی كوژراون.
ئەفسەرەکە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوەكرد كە ژمارەیەك چەكدار، پەلاماری خاڵێكی پشكنینی پۆلیسیان داوە لە ناحیەی عەبارە باكووری رۆژهەڵاتی شاری باقووبە ناوەندی پارێزگای دیالە.
ئاماژەی بەوەیشدا كە لە ئاكامی پەلامارەكەدا، یەك پۆلیس كوژراوە.
ئاشكراشی كرد كە لەسەر رێگەی ناحیەی عوزێم باكووری باقووبە، بۆمبێكی چێنراو بە كاروانێكی هێزەكانی سوپادا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە یەك سەرباز كوژراوە و سێی دیكەیش برینداربوون.
هیچ لایەنێك بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی پەلامار و تەقینەوەكە رانەگەیاندووە، بەڵام سەرچاوەکە رایگەیاند كە گومان دەكرێت رێكخراوی داعش ئەنجامی دابێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت دوێنێ چەكدارانی داعش پێنج هێرشیان كردە سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین كە لە ئاكامدا، 13 چەكداری حەشدی شەعبی كوژران و 20ی دیكەیش برینداربوون.