Zana Natık Kerem
24 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێ-دا رایگەیاند کە بەڕێز و شکۆوە یادی شەھیدانی ئەو تاوانە دەکەنەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێکی لە ساڵیادی بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێ-دا بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیوویەتی "بەڕێز و شکۆوە یادی شەھیدانی زانکۆی سلێمانی و ھاووڵاتییانی خۆشەویستی قەڵادزێ دەکەینەوە کە بەر لە ٤٨ ساڵ وەک ئەمڕۆ لە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ دا لە بۆمبارانێکی دڕندانەی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی ئەوسای عیراقدا شەھید بوون".
راشیگەیاندووە "سڵاو و دروود لە گیانی پاکیان، یادیان ھەمیشە بەخێر".
رۆژی ۲٤ی نیسانی ساڵی ١٩٧٤دا شاری قەڵادزێ لەلایەن رژێمی لەناوچووی بەعسەوە بۆردمانکرا و لە ئەنجامدا، ١٢٣ ھاووڵاتی سڤیل، فەرمانبەر، خوێندکار و مامۆستای زانکۆی سلێمانی (زانکۆی دایک) کە ئەو کات لە قەڵادزێ بوو، شەھیدبوون و زیاتر لە ٤٠٠ ھاووڵاتی دیکەش برینداربوون و بەشێکی شارەکە بەتەواوی وێران کرا و ژمارەیەک لە دانیشتوانەکەشی ئاوارەبوون.