Araz Husseyin
23 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2021
دھۆک - AA
لە رووداوێکی ھاتۆچودا لە سەنتەری شاری دھۆک کە بە ھۆی پێشبرکێی نێوان دوو ئۆتۆمبێل روویدا دوو گەنج بریندار بوون و زیانی ماددی زۆریش بەر ھەردوو ئۆتۆمبێلەکە کەوت.
لە کاتژمێر ٩ی ئەمشەو لە ئەندەرپاسی نزیک فەرماندەیی دھۆک لە سەر شەقامی بارزان دوو ئۆتۆمبێل کە یەکیان لە جۆری کۆرۆلا تەکسی و ئەوی دیکە لە جۆری تۆیۆتا ئەڤەلۆن بوو لە کاتی پێشبرکێدا تووشی رووداوێکی ھاتۆچۆ بوون و بەم ھۆیەوە دوو گەنج بریندار بوون.
لەم کات و ساتەدا کە تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو لەشوێنی رووداوەکە ئامادەبوو بەپێی گوتەی شاھێدحاڵەکان ھەردوو ئۆتۆمبێل بەخێرایەکی زۆر پێشبرکێیان لەگەڵ یەکتر کردووە بەم ھۆیەوەش شۆفێرەکان کۆنترۆڵیان لەدەستداوە .
ھەر بەپێی گوتەی شاھێدحاڵەکان، ئۆتۆمبێلی جۆری کۆرۆلا تەکسی وەردەگەرێت و ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا ئەڤەلۆن-یش خۆی بە ئەستونێکی کارەبادا دەکێشێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە ناوەندی فریاکەوتنی تەندروستیی دھۆک بە ئاژانسی ئانادۆڵوی داوە ئەو دوو گەنجەی کە برینداربوونە سەرنشینی ئۆتۆمبێلی کۆرۆلا تەکسی بوون، کە یەکێکیان تەمەنی ١٩ ساڵ و ئەوەی دیکەیان تەمەنی ٢٣ ساڵ بووە
راشگەیەندرا کە ھەر لە دوای رووداوەکە تیمەکانی فریاکەوتن لەو شوێنە ئامادەبوون و ھەردوو بریندارەکە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دھۆک گواستراونەتەوە .
ھاوکات ناوەندی فریاکەوتنی تەندروستیی دھۆک بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەی پشتراستکردەوە کە رووداوەکە بە ھۆی خێرایی لێخورینەوە بووە.