سۆچی
بە ئامادەبوونی زیاتر لە ٤٠ ھەزار كهس لە یاریگای فیشت ئۆڵمپیاد، لە ئاھەنگێکی ناوازەدا ٢٢ەمین ئۆڵۆمپیادی زستانە له سۆچی دەستیپێکرد.
ههریهك له سەرۆکی روسیا ڤلادمیر پوتین و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەوەکان بان کی مۆن ئامادەی ئاھەنگەکە بوون.
سەعاتێک بەر لە دەستپێکردنی ئاھەنگەکە چەندین چالاکی ئەنجامدران. بەتایبەت کە زۆربەی ئامادەبووان تابلۆی روناکییان بەرزکردەوە و نەخش و نیگارێکی جوانیان دروستکرد. ھەروەھا چەندین نمایشی سەرنجراکێشیان پێشکەشکرد.
دوای ئەوەی سروودی نیشتمانیی روسیا پێشكهشكرا و رێز بۆ وڵاتی یۆنان دانرا وەک بنیاتنەری ئۆڵۆمپیاد، نوێنەری وڵاتانی بەشداربوو یەگ لەدوای یەک چوونە نێو یاریگا.
دوای ئەوەی تەواوی نوێنەران چوونە ناو یاریگاکە ھەریەک لە سەرۆکی کۆمیتەی ئۆڵۆمپیادەکان تۆماس باچ و سەرۆکی دەستەی رێکخستنی ئۆڵۆمپیادی ٢٠١٤ دیمیتری چەرنیشینکۆ گوتهیان پێشكهشكرد.
دوای ئەوە سەرۆکی روسیا بەشێوەیەکی رەسمی یارییەکانی کردەوە و دادوەران و یاریزانان سوێندی وەرزشییان خوارد. چەندین یاریزانی جیھانی و بەناوبانگ لە یارییەکانی ھۆکی سەر بەفر، بۆکسێن، بازدان.. ھتد ئامادەبوون لە کردنەوەی ئاگری مەشخەڵی ئۆڵۆمپیاد، دوای ئاگرەکە یارییە ئاگرینەکان تەقێنران.
بەپێی زانیاری و داتاکانی کۆمیتەی ئۆڵۆمپیادەکان نۆ ھەزار و ٢٢٣ کارمەند دەستبەکارن بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ئۆڵۆمپیادە.
ئەو کارمەندانە تەنیا خەڵکی روسیا نین، بەڵکو خهڵكی ئینگلیز، ئەمریکی، ئیسپانی، مەکسیکی، یۆنانی، کەنەدی، ئوسترالی، ئەفریقی، ئیتاڵی، نیوزلەندی، ئەستۆنی، سویسری، ئیرلەندی، لاتیڤی، ئۆکرانی و چەندین وڵاتی دیکەی لهناویاندا ههن.
ھەروەھا بۆ رێگرتن له ههر كارێكی نهخوازراو رێو شوێنێَکی زۆر توندی ئەمنی گیراونهته بهر.