ئیستەنبوڵ
دوای کۆتایی ھاتنی یاریی کۆتایی مۆندیالی لاوانی خوار تەمەنی ١٧ ساڵ، جۆزێف سێپ پلاتەر سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی جیھان گوتی" دەتوانرێ زیاتر لە وڵاتێکی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھاوشانی قەتەر میواندارێتیی مۆندیالی ٢٠٢٢ بکەن".
ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە ھەیە ئێرانیش میواندارێتیی مۆندیالەکە بگرێتە ئەستۆ، پلاتەر لەوبارەیەوە گوتی " بەڕای من بەڕێوەچوونی بەشێک لە یارییەکانی مۆندیال لەوڵاتی ئێران پێشنیارێکی باشە. ھەروەھا بەگشتی ئەو مەسەلەیە بە گوڕوتینەوە تاوتوێ دەکرێ و بە باشی ھەڵدەسەنگێنرێ".
لە گوتەکانی پلاتەرەوە وا دەردەکەوێ پلانی لە دوو وڵاتیش زیاتر لە ئارادابێ بۆ میوانداریی مۆندیالی ٢٠٢٢، چونکە پلاتەر جگە لە ئێران ئاماژەی بەوەدا بەدەر لەوڵاتانی کەنداو ئەوانی دیکەیش ئامادەباشییان پیشانداوەو پەرۆشن بۆ میوانداییەکە.ھەروەھا پلاتەر ئیماراتی بە نموونە ھێنایەوە.
پلاتەر لەبارەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیالی ٢٠٢٢ لە وەرزی زستان گوتی "سەرەتا بریاری بەڕێوەچوونی یارییەکان لە تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم یەکلادەکەینەوە. بۆ ئەم مەبەستە دەرفەتی شەش مانگمان ھەیە.".
پلاتەر لەبارەی پێشنیارەکەوە پێداگریی پێوەدیار بوو کە گوتی "میوانداریی پاڵەوانێتییەکان بە ھاوبەشی لەلایەن زیاتر لە وڵاتێک شتێکی تازە نییەو لەمەودوا دەبێتە مۆدێل".