Ebru Şengül Cevrioğlu,Aoezan Khoshnaw Najmuldeen
08 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2023
ئەنقەرە - AA
دوێنێ نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە ٧٧ دۆلار و ٦١ سەنت و رۆژەکەی بە ٧٦ دۆلار و ٩٥ سەنت تەواو کرد.
کاتژمێر ٠٩:٢٨ی بەیانی ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ نرخەکان بە رێژەی سەدا ٠،١٨ دابەزینیان بەخۆوەبینی و بەرمیلێک نەوت بە ٧٦ دۆلار و ٨١ سەنت فرۆشرایە کڕیاران.
لە هەمان کاتدا بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تەکساس بە ٧٢ دۆلار و ٤٢ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هێواشبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهان و نیگەرانییەکان لە کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت، کاریگەرییان لەسەر دابەزینی نرخەکان هەبوو.
واچاوەڕوان دەکرا بەر لە دەستپێکی وەرزی گەشتی هاوینە، خواست لەسەر نەوت زیاد بکات، بەڵام زیادبوونی یەدەگەکانی بەنزینی ئەمریکا بووە هۆی کەمبوونەوەی خواست و ئەمەش فشاری خستە سەر نرخەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فەرمانگەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو یەدەگەکانی بەنزینی ئەو وڵاتە دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل زیادیان کردووە و گەیشتوونەتە ٢١٨ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل.
لە لایەکی دیکەشەوە وەک هێمایەکی نوێی ئاستەنگەکانی بەردەم ئاساییبوونەوەی ئابووری چین کە گەورەترین وڵاتی هاوردەکاری نەوتە، لە مانگی ئایاردا هەناردە و هاوردەی کەمی کرد.
ناڕوونییەکانیش لەبارەی سیاسەتی دراوی بانکە ناوەندییەکان، خواستی سەرکێشی کردنی لە بازاڕەکاندا کەم کردووەتەوە و ئەمەش هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخەکانە.
لە سەرتاسەری جیهاندا بانکە ناوەندییەکان یەک لە دوای یەک بەپێچەوانەی پێشبینییەکانەوە بڕیار دەدەن، تا ئێستاش پێشبینییەکان لەبارەی کۆبوونەوەی هەفتەی ئایندەی بانکی ناوەندی ئەمریکا، نادیارە.
ئاماژە بەوەیش دەدرێت رەنگە لەڕووی تەکنیکییەوە خاوی برێنت لەنێوان ٧٧ دۆلار و دوو سەنت بۆ ٧٧ دۆلار و ١٧ سەنت بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان ٧٦ دۆلار و ٧٢ سەنت بۆ ٧٦ دۆلار و ٥٧ سەنت بمێنێتەوە.