Güç Gönel,İbrahim Halil Aktürk
04 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2022
ئیستانبوڵ - AA
ژمارەیەکی زۆر لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرە دان کە لە نەخۆشخانەی بالیکلی روم لە ناوچەی زەیتینبوڕنو شاری ئیستانبوڵ کەوتووەتەوە.
لە نەخۆشخانەی بالیکلی روم ئاگرێک کەوتووەتەوە کە تا ئێستا هۆکارەکەی نەزانراوە، دوای ئاگادارکردنەوەیان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی و پۆلیس لە ناوچەکانی باکڕکۆی، باخچەلیئەڤلەر، باشاکشەهیر، زەیتینبورنو، فاتیح، کاغتهانە، شیشلی، بەشیکتاش و ناوچەکانی دیکەوە رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.

بەهۆی بەردەوامی ئاگرەکەوە، نەخۆشخانەکە چۆڵکرا و بڵێسەی ئاگرەکە لە ماوەیەکی کەمدا تەواوی سەربانی بینای نەخۆشخانەکەی گرتەوە.
کارمەندانی تەندروستی و ئاگرکوژێنەوە و پۆلیس و هاووڵاتییان بە عەرەبانەی نەخۆشخانە، بەساڵاچوانیان لە نەخۆشخانەکە دەرهێنا، ئەو نەخۆشانە رەوانەی نەخۆشخانەکانی دیکەی ناوچەکە کران.
لە كاتێكدا پۆلیس رێوشوێنی ئەمنی بەرفراوانی لە ناوچەكە گرتەبەر، تیمەكانی تەندروستی بەهانای ئەو هاووڵاتییانەوە چوون کە بەهۆی دووكەڵی ئاگرەكەوە باری تەندروستییان تێکچووبوو.

بەرپرسانی پارێزگای ئیستانبوڵ رایانگەیاند، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان و برینداربوون بەهۆی ئاگرەکەوە تۆمارنەکراوە، هەروەها نزیکەی ٨٠ نەخۆش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دیکە.
ئەو دووکەڵەی بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بینای نەخۆشخانەکە دروستبووە لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئیستانبوڵەوە بینراوە.
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.
