Murat Pancar
04 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2022
مێرسین – AA
پیاوێکی شارۆچکەی سیلیفکە سەربە پارێزگای مێرسین و هاوسەرەکەی، ١٦ ساڵە وەک وەستا و کرێکار کار دەکەن.
وەستا عەبدی جەڤیز'ی تەمەن ٣٧ ساڵ و نورگول'ی هاوسەری کە تەمەنی ٣٤ ساڵە و وەکوو کرێکاری راهاتوو کاری لەگەڵ دەکات لەگەڵ دەرکەوتنی کازیوەی بەرەبەیان بەڕێ دەکەون بۆسەر کار و کارەکانی وەک بۆیەکردن، سواغکردن، گەچکاریی، رووپۆشکردنی خانوو بۆ پاراستن لە سەرما و گەرما و پەنجەرە تێگرتن بەیەکەوە ئەنجام دەدەن.
ئەم ژن و مێردە وێڕای ئەنجامدانی ئەو کارە سەختە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان، هەروەها لە کاروباری ماڵەوەیشدا هاوکاری یەکتر دەکەن.
عەبدی جەفیز بە ئاماژەدان بەوەی کە ماوەی ١٦ ساڵە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا ئەم کارە ئەنجام دەدات، گوتی: "هەموو جۆرە کارێکی وەک بۆیەکردن، سواغکردن، گەچکاریی، رووپۆشکردنی خانوو بۆ پاراستن لە سەرما و گەرما و پەنجەرە تێگرتن لەگەڵ هاوسەرەکەمدا ئەنجام دەدەین. دڵخۆش و بەختەوەرین. چوار منداڵمان هەیە، بەهۆی کارەکەمانەوە تێچووی خوێندنی ئەوانیش دابین دەکەین. هەوڵ دەدەین بەیەکەوە بژێوی ژیانی خانەوادەکەمان دابین بکەین".
هەروەها خاتوو نورگول ئاماژەی بەوە دا کە لە هەموو جۆرە کارێکدا، یارمەتیدەری هاوسەرەکەیەتی و گوتی: "بۆ دابینکردنی بژێوی خۆمان و منداڵەکانمان ئەم کارانە دەکەین. هەرچەند کارێکی سەختیش بێت، بەری رەنج و ماندووبوونەکەمان دەدروینەوە و زۆر دڵخۆش و بەختەوەرین".
نورگول سەرنجیشی خستە سەر ئەوەی کە دوای تەواوبوونی کارەکەیان بە هاوکاری عەبدی هاوسەری کاروباری ماڵەوە ئەنجام دەدات.