Muhammet Ali Kemal
12 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2017
واشنتۆن- AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بەو هێرشە مووشەکییەی کە لەلایەن وڵاتەکەیەوە کرایە سەر بنکەیەکی سەربازی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، رایگەیاند: "ئێمە ناچینە نێو سووریاوە بەڵام ئەوەم بینی کە چەکی کیمیاویی تۆقێنەر بەکارهێنراوە و منداڵە ساوا جوانەکان لەباوەشی باوکیاندا مردن. ئیتر ئەو کاتە دەستبەجێ پەیوەندییم بە جەنەڕاڵ ماتیس (وەزیری بەرگریی) کردو پرسیاری ئەوەم لێکرد کە دەتوانین چ کارێک ئەنجام بدەین".
دۆناڵد ترەمپ بووە میوانی بەرنامەی "Mornings with Maria" کە لە کەناڵی فۆکس بزنس و لەلایەن ماریا بارتیرۆمۆوە ئامادە و پێشکەش دەکرێت.
ترەمپ باسی لە پرۆسەی کردنە ئامانجی بنکەی ئاسمانیی شەعیراتی رژێمی ئەسەد کرد و ئاماژەی بەوەکرد ئەو بڕیارە لەجێگەی خۆیدا بووە و پێویست بووە پێشتر بڕیارێکی لەوجۆرە بدرێت کاتێک کە چەکی کیمیاویی لەناوچەکە بەکارهاتووە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد وڵاتەکەی بیری لە ئۆپەراسیۆنێکی فراوان بۆ سەر سووریا نەکردووەتەوە و رایگەیاند "ناچینە نێو سووریاوە بەڵام ئەوەم بینی کە چەکی کیمیاویی تۆقێنەر بەکارهێنراوە و منداڵە ساوا جوانەکان لەباوەشی باوکیاندا مردن. ئیتر ئەو کاتە دەستبەجێ پەیوەندییم بە جەنەڕاڵ ماتیس (وەزیری بەرگریی) کردو پرسیاری ئەوەم لێکرد کە دەتوانین چ کارێک ئەنجام بدەین''.
- ''بە دڵنیاییەوە پێویستە کارێک ئەنجام بدەین''
دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەکرد خراپترین دیکتاتۆرەکانی جیهان بەو جۆرە چەکە کیمیاوییەی کە ئەسەد بەکاریهێناوە، مرۆڤەکانیان نەکردووەتە ئامانج و جەختی لەوەکردەوە کاتێک تەماشای دیمەنەکانی هێرشە کیمیاوییەکەی ئیدلبی کردووە گوتوویەتی کە بەدڵنیاییەوە پێویستە کارێک ئەنجام بدرێت.
ترەمپ رایگەیاند کاتێک لەرێگەی چەکی کیمیاویی و بۆمبی بەرمیلی هێرش دەکەنە سەر ژمارەیەک مرۆڤ، ئەوە دەبینن کە ئەو منداڵانە بێ دەست، بێ قاچ و بێ دەموچاو دەبن". وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو کەسەی کە هێرشەکانی ئەنجامداوە و بەشار ئەسەدە، گوتی: ''ئەو ئاژەڵە''.
سەبارەت بە چەکی کیمیاویی لە سووریا، ترەمپ هێرشی کردە سەر سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، باراک ئۆباما و گوتى: ''ئەو کارەی کە من کردم دەبوو پێشتر لەلایەن ئیدارەی ئۆباماوە کرابووایە. وادەزانم ئەو کاتە سووریا لە دۆخێکی زۆر باشتر لەوەی ئێستادا دەبوو''.
هاوکات سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لەو پشتیوانییە گرت کە رووسیا لە سووریای دەکات و رایگەیاند: ''بەڕاستی پوتین پشتیوانیی لە کەسێکی زۆر خراپ دەکات و ئەمە بۆ رووسیا، بۆ مرۆڤایەتی و بۆ جیهانیش خراپە''.
لای خۆشییەوە وەزیری بەرگریی ئەمریکا جەیمس ماتیس، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی دوێنێی خۆیدا، ئاماژەی بەوەکردبوو ئەوان هیچ گومانێکیان لەوە نییە کە رژێمی ئەسەد لە ئیدلب ''گازی سارین''ی بەکارهێناوە.
- رێوشوێنەکان دژی کۆریای باکوور
دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوەکردەوە پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور، هیچ دوودڵییەکیان لە گرتنەبەری رێوشوێندا نییە و کەشتییەکی جەنگی فڕۆکە هەڵگری زۆر بەهێزیان رەوانەی ناوچەکە کردووە، ئاشکراشیکرد بەهەمان شێوە ژێر دەریایی زۆر بەهێزیشیان هەیە.
ترەمپ تیشكی خستە سەر ئەوەی ئەوانە لە ناوچەکەدا رێوشوێنی گرنگن دژی کۆریای باکوور و جەختی لە پارێزگاری کردن لە هاوپەیمانەکانیان لەو ناوچەیە کردەوە.
سەرۆکی ئەمریکا نەیویست ئەو هەنگاوانە ئاشکرا بکات کە بەنیازن لەدژی کۆریای باکوور بیگرنە بەر و باسی لەوەکرد ''ئۆباما زۆر پێش ئەوەی کە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ دەست پێبکات، باسی لە ئۆپەراسیۆنەکە کردبوو، هەربۆیە هەمووان رێوشوێنیان گرتەبەر لەوبارەیەوە'' جەختی لەوەکردەوە ئەو کارێکی لەو جۆرە ناکات.