Abdullah Söylemez
02 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2022
ئاگری - AA
لە پارێزگای ئاگری خۆرهەڵاتی تورکیا، جووتیاران لە کێڵگەکانی گەنم و جۆدا بەردەوامن لە کاری دروێنەکردن کە لەگەڵ بارانبارینی بەهاری ئەمساڵدا بەرهەمەکانیان زیادیکردووە.
جووتیاران کە لەسەر زەوییە بەپیتەکانیان لە دەشتەکانی ئاگری و ئەلەشکیرت دەستیان بە کاری دروێنەکردن کردووە، ئەو بەرهەمانەی بەدەستی دەهێنن بەشێکی لێ دەگێڕنەوە و بەشە زۆرەکەی دەنێرنە ناوەندی شار و پارێزگاکانی دەوروبەر.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ و دارستانەکانی ئاگری، کەنعان ئەنگین، بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە بەهۆی وشکەساڵی ساڵی رابردووەوە لە ئاگری بەرهەمی رووەکی زیانێکی زۆری بەرکەوتبوو.
کەنعان ئەنگین ئاماژەی بەوە کرد، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵی رابردوو ساڵێکی پڕبەرهەم بووە، گوتی: "ساڵی رابردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و دارستانمان قەرەبووی جووتیارانی کردەوە کە بەهۆی وشکەساڵییەوە زیان بە بەرهەمەکانیان کەوتبوو. سوپاس بۆ خودا ئەمساڵ ساڵێکی بەرهەمدارە. ساڵی رابردوو ٩٣ هەزار تۆن جۆ و ١٢٥ هەزار تۆن گەنممان دەست كەوت. بەهۆی وشکەساڵییەوە لەسەدا ٤٠ی بەرهەمەکانمان زیانی بەرکەوتبوو".
- "پێشبینی دەکرێت بەرهەمی جۆ دوو هێندەی ساڵی رابردوو زیاد بکات"
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ و دارستانەکانی ئاگری، کەنعان ئەنگین ئاماژەی بەوە کرد، ئەمساڵ لە پارێزگاکەدا ٧٠٠ هەزار دێکار زەوی بۆ چاندنی جۆ و ٨٨٠ هەزار دێکار زەوی بۆ چاندنی گەنم جیاکرابووەوە.
گوتیشی: "پێشبینی دەکەین ئەمساڵ بەرهەمی جۆ بگاتە ١٨٠ هەزار تۆن و دوو هێندەی ساڵی رابردوو، ههروهها ٢١٥ هەزار تۆن لە گەنم بەرهەمبهێنرێت. سوپاس بۆ خودا ئەمساڵ ساڵێکی بەرهەمدارە".
