Gülsem Adam,Ali Karataç
12 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2023
ئانتالیا - AA
شەپۆلێکی بەهێزی باران بارین پارێزگای ئانتالیای گرتەوە و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان بەردەوامە.
باران بارینەکە لە شەوی رابردووەوە دەستی پێ کرد و ناوبەناو بەهێزتر دەبوو، ئەمەش بووە هۆی کۆبوونەوەی باراناو لەسەر شەقام و کۆڵانەکان.
بەهۆی بارانبارینەکەشەوە لە قەزاکانی کەپەز، کۆنیائاڵتی، ئاکسو، مورادپاشا و فینیکە گرفت بۆ هاتوچۆ دروست بوو.
شۆفێران بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو لەسەر رێگاکان، دووچاری ئاستەنگ بوون وژمارەیەک ئۆتۆمبێلیش پەکیان کەوت.
هەروەها بەهێزی با، بووە هۆی هەڵکەندنی هەندێک درەختی شارەکە و زیانیشی بە خانووە پلاستیکییەکان گەیاند.
لە کەناراوەکانی قەزای کۆنیائاڵتی و بەندەری کالەیچی، بەهۆی باوە شەپۆلی گەورە دروست بوون کە بەرزییان دەگەیشتە چوار مەتر، ماسیگرەکانی بەندەرەکە هەوڵیاندا بەلەمەکانیان لە زەرەر و زیان بپارێزن.