İlhami Erkılıç,Cüneyt Çelik,Günay Nuh,Fırat Atmaca,Abdullah Söylemez,Hüseyin Demirci,Sidar Can Eren
12 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2023
ئەرزەڕۆم - AA
سەرماوسۆڵە لە پارێزگاکانی ئەرزەڕۆم، قەرس، ئەردەخان، ئاگری و دێرسم کاریگەر بوو و بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، توێژی سەرەوەی چەم، کانیاوەکان و تانکی سووتەمەنی ئۆتۆمبێلەکان بەستیان.
دوابەدەوای ئەو بەفرەی کە ماوەیەک لەمەوبەر لە ئەرزەڕۆم باری، کەشێکی سارد شارەکەی گرتەوە.
پلەکانی گەرما لە شەودا لە ئەرزەڕۆم، ١٤ پلەی ژێر سفری سەدی بوو و بەهۆی سەرماسۆڵەوە دەستشۆرگەی ژمارەیەک لە مزگەوتەکان بەستی و شەختە لەسەر ژمارەیەک لە شەقام و شۆستەکان دروست بوو.
باڵندەکان کە کەوتبوونە ژێر کاریگەری سەرماوە، بە نیشتنەوەیان لەسەربانی مزگەوتەکان خۆیان دا بەر تیشکی خۆر و هاووڵاتییان خواردنیان بۆ باڵندەکان لەسەر شۆستەکان بەجێهێشت.
- قەرس
دوای ئەوەی کەشوهەوای سارد پارێزگاکەی گرتەوە، ماوەی دوو رۆژە بەشێوەی پچڕ پچڕ بەفربارین بەردەوامە.
لە سەنتەری شارەکەدا کە بە بەفر سپیپۆش بووە، هاووڵاتییان بەردەم خانوو و شوێنکارەکانیان لە بەفر پاککردەوە.
کەشوهەوای سارد لە شاری ساریکامیش، کاریگەریی نەرێنی کردە سەر ژیانی هاووڵاتییان.
پلەکانی گەرما لە شەودا لە شارەکە، ١٦ پلەی ژێر سفری سەدی بوون و سیخەسۆڵەیش لە سوێبانی خانووەکان دروست بوو.
دیمەنی باڵندە ماسیخۆرەکان لە میانی گەڕان بەدوای خۆراکدا لە کەنار چەمەکەکاندا بینرا.
- ئەردەخان
بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، توێژی بەستوو لەسەر پەنجەرەی خانوو و شوێنکارەکان دروست بوو و تانکی سووتەمەنی ئۆتۆمبێلەکان بەستیان.
- دێرسم
کاریگەریی سەرما لە دێرسم، بووە هۆی دروستبوونی توێژی بەستوو لەسەر پەنجەرەی خانووەکان و جامی ئۆتۆمبێلەکان.
لە شارەکەدا، ژمارەیەک نافورە و دەستشۆرگە بەستوویانە و دارەکان بە زوقم داپۆشراون.