Abdullah Söylemez
29 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 29 مای,س 2023
ئاگری – AA
لە ئاگری تیمەکانی پۆلیس، ٥٣٧ کیلۆ و ٢٥٠ گرام ماددەی هۆشبەری شلیان لە بەشی حەشاردراوی تانکی سووتەمەنیی بارهەڵگرێکدا کە ژمارەی تابلۆکەی ئێرانە دۆزییەوە.
تیمە پەیوەندیدارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی ئاگری، بەردەوامن لە هەڵمەتەکانیان بۆ ریشەکێشکردنی ماددەی هۆشبەر.
لەو میانەیەدا، تیمەکان بارهەڵگرێک کە ژمارەی تابلۆکەی ئێرانی بوو و لە دەروازەی سنووریی گوربوڵاک-ەوە چووبووە ناو خاکی تورکیا و گومانیان لەوە دەکرد، بڕێک ماددەی هۆشبەر بگوازێتەوە پارێزگاکانی رۆژئاوای تورکیا خستبووە ژێر چاودێری ورد و لە خاڵێک لەسەر رێگای نێوان ئاگری و ئەرزەڕۆم بارهەڵگرەکەیان راگرت.
لە میانی پشکنینی بارهەڵگرەکەدا کە تیایدا سەگی پۆلیسییش بەکار هێندرا، دەرکەوت کە بەشی حەشاردراو لە تانکی سووتەمەنیی بارهەڵگرەکەدا دروست کراوە و شلەمەنی تیادایە.
دواتر تیمەکان بۆیان دەرکەوت کە ئەو شلەمەنییەی لەو بەشەی تانکەکەدایە ٥٣٦ کیلۆ و ٢٥٠ گرام ماددەی هۆشبەری شلە.
شۆفێری بارهەڵگرەکە، ر. ک. کە هاووڵاتییەکی ئێرانییە دوای دەستگیرکردنی، کارەکانی لە ئاسایش رایی کران و دواتر رەوانەی دادگا کرا. دادوەر بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکرد.
بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتیی ئاگری، حەسە ئایدن چووە خاڵی راگرتنی بارهەڵگرەکە و دەستخۆشی لە تیمەکان کرد.